ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتودا موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بنێردرێت".
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ شەممە د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە میدیای یەكێتی راگەیاندووە "لەگەڵ ئەوەی ماوەی ٢٠ رۆژە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەخۆرانی بۆ دارایی عیراق ناردوە، لەئێستادا وردبینی لیستی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە تەواوبوە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتودا موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت."
پێشبینی دەکرێت سبەی یەک شەممە یان دوو شەممە وەزارەتی دارایی عێراق بڕە پارەی مووچەی هەرێم بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.
ئەمڕۆ جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند" هۆكاری دواكەوتنی ناردنی موچەی مانگی نیسان لەلایەن بەغداوە پەیوەندی بە رادەست نەكردنی داهاتی نانەوتی و دەستپێ نەكردنی بەبانكیكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمەوە هەیە".