ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت" تائێستا نە مووچە بە بانکی کراوە نە داهاتى نانەوتى ڕادەستى بەغداد کراوە".
سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیجى تایبەتی خۆى لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتى" بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤ و موحدتها ٢٦٨/اتحادیە/٢٢٣) کە ٢١/٢/٢٠٢٤ لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەرچوو، خاڵی یەکەمی دەقی بڕیارەکە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بە ئەنجامدانی (توطين)ی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانی دەرەوەی هەرێم".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی هەرێم (هەژماری من)ی دەستپێکردووە لە بانکی ئەهلی و دەڵێ ئەمە توطينە، حکومەتی فیدراڵیش دەڵێ بانکی TBI کە بانکی حکومیە دەست بە توطين دەکات، هەرێم دەڵێ توطين هەژماری منە و بانکی TBI هاتۆتە ناو پرۆژەکەی حکومەتی هەرێم.
ئەو پەرلەمانتارە نوسیویشیەتى" خاڵی سێیەمی بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیە، لە ئێستەدا حکومەتی عێراق داوای داهاتی ناوخۆ دەکات، سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە ٢٤/٤/٢٠٢٤ ەوە بە بڕیاری ژمارە (٢٥٠) وەزارەتی دارایی هەرێمی ڕاسپاردووە بۆ ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەپێی یاسای ئیدارەی مالی، بەڵام ئەوە ١٨ ڕۆژ بەسەر ئەو بڕیارەدا تێپەڕیوە داهاتی نانەوتی هێشتا نەخراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق".
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو بابەتە (توطين و داهاتی نانەوتی) جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیە کە هێشتا دەستیپێنەکردووە، بڕیارەکەی دادگا لە خاڵی یەکەم بە دەق نوسراوە، ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوای توطين، کاتێک توطين دەستپێدەکات و داهاتی ناوخۆ ڕادەستدەکرێ پێدانی موچە بەردەوام دەبێت بە لیست کە توطين تەواوکرا ئیدی لە ڕێی بانکەوە موچە دەدرێت بە مەرجێک وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە لیستەکان لە وادەی خۆی بنێرێ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق تاکو ئەوانیش بانکەکان پارەدار بکەن و موچە بخرێتە سەر حسابی موچەخۆران.