چەند بڕیارێک لە بارەی بازاڕی قەیسەری هەولێر دەرکرا

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری هەولێر پارێزگاری هەولێر چەند بریارێکی بۆ ئەو بازاڕە دەرکرد.

لە بڵاوکراوەیەکدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، وێڕای نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر سووتانی بازاڕی قەیسەریی و هاوخەمی لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕەکە، لە هەولێر کار و کەسابەتی کاسبکاران لە سەروی هەموو شتێکەوەیە و دڵنیابن کە بەتەنها جێتاناهێڵین و ئەوەی لە تواناماندابێت درێغی لێناکەین، چونکە (بازاڕی قەیسەری و قەڵا و منارە) ناسنامەی شارەکەمانە.

ئاشکراشی کرد، لێکۆڵینەوە لە دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە، ئێوەش هەر کەسێک گومانێک یان زانیارییەکی لایە سوپاستان دەکەین هاوکاری تیمەکانی لێکۆڵینەوە بکەن، دڵنییاشتان دەکەینەوە لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەنرێت.

هاوکات ئومێد خۆشناو چەند بڕیارێکی لە پێناو پاراستنی شوێنە گشتییەکان و سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە وەرگیراوە، لەوانە:-

یەکەم/ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکاری کارنەکردنی سیستەمی جێگیری ئاگر کوژێنەوەی بازاڕی قەیسەری.

دووەم/ پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەی سەرتاسەری بازاڕەکە و کردنەوەی بە ڕووی هاووڵاتییان.

سێیەم/ لەو شوێنەی بازاڕی قەیسەری کە بە هۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زوترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی ناوەوەی دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفی گشتیی بازاڕەکە.

چوارەم/ چارەسەرکردنی سەرجەم کەم و کوڕییەکانی ئاو و کارەبای بازاڕەکە.

پێنجەم/ هەڵگرتنی سەرجەم سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکاری دروستبوونی ڕووداوی لەمشێوەیە، بە تایبەتی نەهێڵانی هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بووە.

شەشەم/ ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتی سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنی ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.

حەوتەم/ هەر دوکاندارێک کە کرێچی حکومەت بێت و لەو ئاگر کەوتنەوەیە زەر و زیانی پێگەیشتبێت، لە کرێی یەک ساڵی دوکانەکەی دەبەخشرێت.

هەشتەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەی کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێی (6 مانگی) زبڵ و خاشاک و تابلۆی دوکانەکانیان دەبەخشرێن.

نۆیەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەی کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵی 2023 لە (50%) ی باج و بۆساڵی 2024 لە (100%) ی باج دەبەخشرێن.

دەیەم/ هەر دوکاندارێک بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕی قەیسەری زەرەرمەند بووبێت، دوای وەرگرتنی نووسراوی پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنی قەرزی بێ قازانج لە "بانکی جیهان” بەپێی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی بۆ ماوەی (24) تاکوو (36) مانگ سوود مەندبێت.

یازدەیەم/ هەر دوکاندارێک بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە، پارەی لە نێو دوکانەکەی ((تەنها دیناری عێراقی)) سووتابێت و بەڵگەی پێویستی لە بەر دەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت هاوکاری دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەی لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر.

لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "سەرجەم لایەنەکان ڕاسپێردراون لەگەڵتان دابن لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئێوەش هەماهەنگی تیمەکانبن، لە ئەمڕۆوە دەست بکەن بە نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانتان و دەست بە کار و کاسبی خۆتان بکەنەوە، دڵنیاشبن وەکوو پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێویست بێت درێغی لێناکەین.


PM:08:22:12/05/2024