نەرمین مەعروف: تا بەبانکیکردن و پرسی داهات یەکلایی نەکرێتەوە بەغدا مووچە نانێرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە تا بەبانکیکردن و پرسی داهات یەکلایی نەکرێتەوە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نانێرێت.

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق د. نەرمین مەعروف رایگەیاند" وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمی وتووە تا هەرێم پرۆسەی بەبانکیکردن لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە جێبەجێ نەکات و داهاتی نانەوتی رادەست نەکات، بەغدا مووچە نانیڕێت".
راشیگەیاند" بانکی تی بی ئای ئامادەیی دەربڕیوە لە ماوەی دوو مانگدا پرۆسەی بە بانکیکرنی بۆ ٩٠٠ هەزار مووچەخۆر ئەنجام بدات، بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە یەکلایی نەبووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی ، هەرێم داوایکردوە بە پێی یاسای ئیداری ماڵی ٥٠٪ی داهاتەکە رادەست بکات، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق داوایکردووە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ١٠٠٪ داهات رادەست بکات.



AM:12:03:13/05/2024