سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌یاننامه‌یەكی لەسەر ناردنی چەك لەلایەن ئەمەریكا بۆ كۆبانی بڵاوكردوەتەوە كە زۆرێك له راستییه‌كانی گۆڕیوه.
له روونكردنه‌وه‌یه‌كی سەرۆکایەتی وه‌ڵامی روونكردنه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی داوه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه: ئه‌و هاوكارییانه به‌ناوی گه‌لی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه كراوه و هیچ پێویست نه‌بوو یه‌كێتیی نیشتیمانی له‌م كاته‌دا ئه‌م موزایه‌ده‌یه بكات.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه:
دوای ئه‌وه‌ی به یارمه‌تیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توانرا هاوكاریی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بگه‌یێندرێته كۆبانێ، زۆر به داخه‌وه مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌یاننامه‌ی له‌و باره‌یه‌وه بڵاو كردوه‌ته‌وه و زۆر له راستییه‌كانی گۆڕیوه.
هێزی دژه‌تیرۆر ده‌زگایه‌كه سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو هێزی دژه تیرۆری هه‌ولێر و سلێمانی له‌و چه‌كانه‌ی پێشتر هه‌یانبووه وه‌ك هاوكاری و به‌ناوی هه‌رێمی كوردستان و به فڕۆكه ئه‌مه‌ریكییه‌كان ره‌وانه‌ی كۆبانێیان كردووه.
جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه ئه‌و هاوكارییانه به‌ناوی گه‌لی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه كراوه و هیچ پێویست نه‌بوو یه‌كێتیی نیشتیمانی له‌م كاته‌دا ئه‌م موزایه‌ده‌یه بكات.
پێویستیشه ئه‌وه بزانرێت كه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به په‌رۆشن بۆ كۆبانێ نه‌ك ته‌نیا یه‌كێتی.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ڕاگه‌یێندراوێكی بڵاو كردۆته‌وه كه تێیدا به‌ڕوونی هاتووه ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌یاندۆته كۆبانێ هی هه‌رێمی كوردستان بووه.
شایانی باسه ئه‌م چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌ی كه ڕه‌وانه كراوه بریتی بوو له 21 تۆن و هه‌مووی له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بار كراوه و به 28 په‌ڕه‌شووت له‌سه‌ر كۆبانێ فڕێ دراوه.
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان
20ـی 10ـی 2014
دەقی راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
جەماوەری کۆڵنەدەری کۆبانی!
گەلی خۆڕاگری رۆژئاوای کوردستان!
مانگێک زیاترە، دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی، داعشەکان،
"کۆبانێ"یان گەمارۆداوە. خەڵکی "کۆبانی" لەگەڵیاندا تەواوی نەتەوەی
کورد لەبەشەکانی کوردستان و رەوەندی کوردیش لەتاراوگە، ھەروەھا سەرۆکایەتی و حکومەتی
ھەرێم، ھاوکات ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بەتایبەتی ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، ھەوڵی زۆریانداوە
کە شارەکە، لەو جانەوەرانە رزگار بکرێ. لەم روەوە، تەواوی پشتیوانی و کۆمەکەکان، رۆڵی
بەرچاویان لەخۆڕاگری و بەرەنگاری خەڵکی کۆبانی دا ھەبووە. بەتایبەتی بۆردومانی ئاسمانی.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جگە لەو ھەوڵانەی لەپەرلەمان
و حکومەتی کوردستاندا داویەتی و لەم پێناوەشدا، پرۆژەی دانپیانان بەکانتۆنەکانی رۆژئاوای
کوردستانی دوو مانگ زیاترە پێشکەش کرد، بەسوپاسیشەوە، پەرلەمان دانی نا بەکانتۆنەکاندا.
جگە لەو ھەوڵە رەسمیانە، وەکو ھەوڵی تایبەتیش لەیەکەمین رۆژی گەمارۆدانی (کۆبانی)یەوە،
بەردەوام لەپەیوەندی دابووە لەگەڵ (یەپەگە) و شەڕڤانانی کۆبانی؛ ھەموو توانایەکی سیاسی
و دیپلۆماسی و پەیوەندی نێونەتەوەیی خۆی، لەگەڵ وڵاتانی جیھان و دەوڵەتانی ئیقلیمی
و پشتیوانانی گەلەکەمان، ھەروەھا حزبە دیموکراتەکانی جیھانی عەرەبی، خستە کار کۆبانی
رزگار بکرێ. لەم پێناوەشدا، بەردەوام کۆمەکی عەسکەری و لۆجیستی، لەڕێگەی تایبەتیەوە
بۆ دابین کردون.
زیاتر لە(١٠) رۆژیشە، لەگەڵ ئەمریکا، بەگەرمی لەڕێگەی
ھێزی دژە تیرۆرەوە خەریک بوین، لەئاسمانەوە، ئەو کۆمەکە عەسکەری و لۆجستییەی شەڕڤانەکانی
کۆبانی پێویستیان پێیەتی، بگەیەندرێتە دەستیان. خۆشبەختانە، سەعات (٢:١٥)ی بەرەبەیانی
ئەمڕۆ، بەکاتی کوردستان، ئەم نەخشەیە سەری گرت و (٢٤) تەن چەک و تەقەمەنی و دەرمانی
گرنگ، کە لەپاشکەوتی خودی یەکێتیی بووە، لەڕێگەی ھێزی ئاسمانی ئەمریکاوە، گەیەندرایە
کۆبانی. بەھیواین، گەیاندنی ئەم کۆمەکانەی یەکێتیی، دەرگای ناردن و گەیاندنی کۆمەکی
بەردەوامی کردبێتەوە بۆ ئەو شارە قارەمانە، لەڕێگەی ھێزەکانی ئاسمانی وڵاتانی دۆستەوە.
دڵنیاشین، گەیاندنی ئەم کۆمەکانە و جۆری کۆمەکەکان،
بەپێی داخوازی لیستی فەرماندەکانی شەڕڤانانی کۆبانی، دەبێتە مایەی سەرکەوتنی زیاتری
خەڵکەکە، سەرەنجام بەقارەمانێتی شەڕەڤانانیان و خۆڕاگری خەڵکەکەیان و پشتیوانی بەردەوامیان،
سەرکەوتنێکی مێژوویی، لەمێژووی کوردایەتی ھاوچەرخی نەتەوەی کوردستان لەپێناوی مافە
دیموکراسییەکانیدا، بەدەستبێت.
بەم بۆنەیەوە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی، جارێکی تر،
پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ دیالۆگی نێوان لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوا دووپات دەکاتەوەو
ئومێدەواریشە، لەگفتوگۆکاندا، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و خوێنی پاکی شەھیدەکان، بکرێتە
ھاندەری رێکەوتن لەناو ھەموو لایەنەکاندا. نەک دەستکەوتی تەسکی حزبایەتی و بەس. بێگومان
کلیلی چارەسەریش ئێستا لەدەستی یەپەگەدایەو چاوەڕێی مژدەی رێکەوتنیشین.
سڵاو لەشەڕەڤانانی کۆبانی
رێز‌و نەوازش بۆ ئارامگای شەھیدانی رۆژئاوای کوردستان
سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیتشمانیی کوردستان
٢٠/١٠/٢٠١٤