بەندکراوێکی کورد لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا

بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لەدەستدا.

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە" بەندکراوێکی کورد و خەڵکی گوندی نۆریاو سەر بە شاری پاوە بە ناوی کیانووش وەلەدبەیگی تەمەن٣٥ ساڵ، لە کاتێکدا حەوتەمین ساڵ لە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج تێدەپەڕاند، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەستدا". 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" فایەق وەلەدبەیگی لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوو لە نەخۆشی گورچیلە و نەخۆشی دڵ ڕەنجی دەبرد و بەرپرسانی بەندیخانەکە لە پێدیانی ئیزنی مرەخەسی دەرمانی بە ناوبراو ڕێگرییان کردووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کیانووش وەلەدبەیگی ٧ ساڵ پێش ئێستا لە شیراز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای ١٨ ساڵ بەندکران بە سەریدا سەپێنرابوو، ناوبراو نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابووە.

بەپێی ئامارێکی هەنگاو، لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم ١٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە ٨ کەس لەوانە بەندکراوی کورد بوون.


PM:07:45:13/05/2024