رووداو خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا

تۆڕی میدیای رووداو ڕایدەگەیەنێت" بەدڵخۆشییەوە رایدەگەیێنین کە بەڵگە فیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی وێبی نێودەوڵەتی لە رکابەریدا لەگەڵ بەرهەمی چەند دەزگایەکی جیهانیدا بردەوە". 
 
تۆڕی میدیایی ڕووداو، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" شەوی رابردوو لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ رووداودا، ئەمساڵ لەسەر یەک ستەیج و لە یەک رێوڕەسمدا ئاژانسی ناسا، کۆمپانیای گووگڵ، نێتفلێکس و چەند دەزگایەکی جیهانی دیکە دوای سەرکەوتن لە رکابەرییەکان لە بوارەکانی دیکەدا، خەڵاتیان وەرگرت". 
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵاتی وێبی یەکێکە لە بەنێوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان، رووداو دەبێتە یەکەمین دەزگای میدیایی لە کوردستان و عێراق ئەو خەڵاتە وەربگرێت، هەروەها دەبێتە دووەمین دەزگای میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەدرێژایی ٢٨ ساڵی تەمەنی رێکخراوی وێبی ئەم خەڵاتە وەربگرێت. 
  
دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

بەدڵخۆشییەوە رایدەگەیێنین کە بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی وێبی نێودەوڵەتی لە رکابەری دا لەگەڵ بەرهەمی چەند دەزگایەکی جیهانی دا بردەوە و، لە خولی ٢٨ ساڵەی دا و لە رێوڕەسمێکی زۆر گەورەدا لە شاری نیویۆرک، هاوکارمان رۆژ عەلی زاڵە بە نوێنەرایەتی رووداو خەڵاتەکەی وەرگرت. 
 
شەوی رابردوو لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ رووداو دا، ئەم ساڵ لەسەر یەک ستەیج و لە یەک رێوڕەسم دا ئاژانسی ناسا، کۆمپانیای گووگڵ، نێتفلێکس و چەند دەزگایەکی جیهانی دیکە دوای سەرکەوتن لە رکابەرییەکان لە بوارەکانی دیکەدا، خەڵاتیان وەرگرت.  
 
خەڵاتی وێبی یەکێکە لە بەنێوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان، رووداو دەبێتە یەکەمین دەزگای میدیایی لە کوردستان و عێراق ئەو خەڵاتە وەربگرێت، هەروەها دەبێتە دووەمین دەزگای میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بەدرێژایی ٢٨ ساڵی تەمەنی رێکخراوی وێبی ئەم خەڵاتە وەربگرێت. 
 
کلەیر گرەیڤسی، سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی رایگەیاند ئەم ساڵ ١٣ هەزار ئەکتەر، فیلم و بەڵگەفیلم لە ٧٠ وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیاندا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی وێبی لە بوارە جۆراو جۆرەکان دا و، رووداو یەکێک لەو خەڵاتانەی بردەوە. 
 
ئەم سەرکەوتنە بە توانا و داهێنەری تیمی بەرهەمهێنی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای و، دەنگ و پشتیوانی بینەرانی رووداو بەدیهات. لەبەرئەوە بەر لە هەمووان ئەم سەرکەوتنە لەگەڵ بینەر و خوێنەر و بیسەرانی رووداو دا بەش دەکەین، کە بە پشتیوانی بەردەوامیان وادەکەن رووداو بەردەوامبێت لە سەرکەوتن.
 
خەڵاتەکانی وێبی پێوەرێکن بۆ دیاریکردنی لەپێشترینەکان لە ئینتەرنێت دا و، باشترینەکانی بواری چیرۆکگێڕانەوە و میدیای دیجیتاڵی. بردنەوەی ئەم خەڵاتە جیهانییە، بەڵگەیەکی جیهانی دیکەیە لەسەر بەتوانایی رووداو و بەرزی کوالێتی بەرهەمەکانی و توانای ناوازەی تیمە بەرهەمهێنەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنان و گێڕانەوەی سەرنجڕاکێش و نیشاندانی کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها جارێکی دیکە درەوشاوەیی رۆڵی رووداو دەسەلمێنێتەوە لە گۆڕەپانی میدیای جیهانی دا.
 
تۆڕی میدیایی رووداو کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی رکابەری کردن لەگەڵ دەزگا میدیاییەکانی جیهان دا، بەهێزێکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت لە رەوتی پێشکەوتن و بەرهەمهێنانی گەورەتردا. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو
١٤ـی ئایاری ٢٠٢٤


AM:11:20:14/05/2024