مەرج و ساڵی خزمەت بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دیاریكرا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێنمایی و مەرجەكانی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران پەسەند كرد و خانەنشینانیش دەگرێتەوە.

موفیدە یونس، ڕاوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بۆ میدیای فەرمی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند" بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، وەزارەت هەستاوە بە ئەنجامدانی ڕێكارەكانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی و بۆ ئەوەش ڕێنمایی تایبەتی ئامادەكردووە و لەلایەن وەزیری شارەوانییەوە واژۆ كراوە و دواتر لە وەقائیعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە".

ڕاشیگەیاند" ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون و ئەو خانەنشینانەی لەكاتی خزمەتی وەزیفی سوودمەند نەبوون پێدانی زەوی دەیانگرێتەوە".

وتیشی" دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەپێی دوو بنەما دەبێت، كە بەپێی شوێنی لەدایكبوون و شوێنی كاركردن دەبێت و هەروەها بەپێی بوونی شوێنی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەك و بۆ ئەوەش فەرمانبەر سەرپشك دەبێت، كە لە شوێنی لەدایكبوونی یان سنووری شوێنی كارەكەی زەوی وەربگرێت".

موفیدە یونس ئاشكراشی كرد، دابەشكردنی زەوی لە سنووری هەر شارەوانییەك بەپێی تیروپشك دەبێت بەسەر فەرمانبەران و بەپێی خاڵبەندی دەبێت، كە خاڵبەندییەكە بەپێی ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزانە، بۆیە هەر فەرمانبەرێك پێشتر سوودمەند نەبوویێت و خزمەتی لە ٨ ساڵ زیاتر بێت وەرگرتنی زەوی دەیگرێتەوە.


PM:07:46:14/05/2024