ئەپیکور: سەردانی پایەت ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەولێر و بەغدا بە "ئاماژەیەکی بەهێز و پێویست ناو دەبات" بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا، و دەڵێت" کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەکە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەن". 
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە سەردانەکەی جێفری پایەت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە بۆ عێراق و هەرێمێ کوردستان دەکات و، وەک " ئاماژەیەکی بەهێز و پێویست" ناودەبات بۆ ئەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان "دەستبکەن بە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان کە خۆیان پێشتر ئاماژەیان پێ داوە و هەناردەی نەوت لە ڕێگەی نەوتی عێراق – تورکیا دەست پێ بکاتەوە".

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) دەڵێت"  کۆبوونەوەکانی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە لەگەڵ هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، درێژکراوەی ئەو گفتوگۆیانە کە پێشتر لە واشنتن و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەیانبوون".

هەروەها  تێبینی ئەوەیان کردووە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە کەم کردووەتەوە، لە کاتێکدا دەتوانێت هاوکاری عێراق و وەزارەتی نەوت بێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگات بە ئامانجەکانی لە بواری هەناردەی نەوت.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی(  ئەپیکور)" کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور جەخت دەکەنەوە، ئامادەن بۆ دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەمەش لەگەڵ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تێیدا دڵنیایی بدرێت لەبارەی وەرگرتنی پارەی هەناردەی نەوت لە ڕابردوو و بۆ داهاتووش. لەگەڵ ئەوەشدا مەرج و گرێبەستە ئابوور و بازرگانییەکانمان پارێزراو بن. بەم شێوەیە دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت، سوودی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هاوبەشەکانی دەبێت".

"سەردانەکەی جێفری پایەت بۆ هەولێر و بەغدا گرنگیی دەست پێ کردنەوەی دەستبەجێ و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدار و هاوبەشەکان بۆ دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا دەردەخات".( کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور وتیان).

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە" کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور بە پەرۆشن بۆ چارەکردنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی لە دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت دروستبووە و پێشوازی لە هەر بانگهێشتیكی فەرمی دەکەن بۆ بەشداربوون لە پرۆسەکە".

دوێنێ چوارشەممە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ئایار، سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

لە ٢٥ی ئادارای ٢٠٢٣ەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە. 




AM:11:18:16/05/2024