دەمیرتاش بە ٢٨ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا

کەمێک پێش ئێستا دەسەڵاتی دادوەری تورکیا سزای ٢٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش سەپاند.

ئەمڕۆ دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی ڕووداوەکانی کۆبانێ و چەند دۆسیەکی دیکەش بڕیاری سزای ٢٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەرکرد. 

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دادگای ئەنقەرە فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە ٢٣ ساڵ زیندانی سزادا، هەروەها ئەحمەد تورک بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن سزادرا، گوڵتان شکاناکیش بە ١٢ ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بەڵام هەریەک لە ئاڵتان تان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایهان بیلگەن سەرۆکی شارەوانی پێشووی قەرس بێ تاوان دەرچوون.

دۆسیەی کۆبانێ تایبەتە بە ڕووداوەكانی ٦بۆ ٨ی ١٠ی ٢٠١٤ كە دوای ئەوەی داعش هێرشیكردە سەر كۆبانی لە ڕۆژئاوای كوردستان، هەدەپە و ژمارەیەك لە پارتە كوردییەكانی دیكەی باكووری كوردستان داوایان لە حكومەتی ئەو كاتەی توركیا كرد ڕێگە بە ناردنی چەك و هاوكاری دیكەی سەربازی لە توركیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە ڕەتیكردەوە.


PM:04:37:16/05/2024