ئەحمەد تورک: بڕیارەکانی دادگا بۆ بێدەنگکردنی کوردە


سیاسەتمەداری کوردو هاوسەرۆكی شارەوانی مێردین، لە بارەی بڕیارەکانی دادگای تورکیاوە دەڵێت" بۆ بێدەنگکردنی گەلی کوردە ".

ئەحمەد تورك لە لێدانێکدا بۆ کەناڵی ( ئیلکە ) رایگەیاندووە" دەزانین دۆسیەی کۆبانێ هیچ پەیوەندییەکی بە یاساوە نییە و بەتەواوی بڕیارێکی سیاسییە کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە سیاسەتی دیموکراسی، ژیانێکی ئازاد و دیموکراسیانە."

لەدرێژەی قسەکانیدا ئەحمەد تورک دەشڵێت " سزادانی خۆی و هاوڕێکانی بڕیاری ئەو کەسانەیە کە دان بە دیموکراسیدا نانێن و دەیانەوێت دابەشکاری قوڵ لە کۆمەڵگەدا دروست بکەن.

ئەحمەد تورک کە ئەمڕۆ بە دە ساڵ حوکمدرا و لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ئەمساڵدا وەک هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی مێردین هەڵبژێردرا، لە بارەی بڕیارەکەوە دەڵێت " بڕیارەکە لەلایەن دادوەرەکانەوە نەدراوە، چونکە بڕیارێکی سیاسییە".

لەکۆتایی قسەكانیدا ئەحمەد تورك دەڵێت " ئەگەر حکومەت سزای قورسیش بەسەر خۆی و دۆستەکانیدا بسەپێنێت، ئەوا ئەوان لە خەباتی ئازادی و دیموکراسی ڕاناگرن و ئەگەریش نەبن، گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان بۆی دۆزی ئەوان".

لەسەر دۆسیەی کوبانێ ئەمرۆ پێج شەممە دادگای ئەنقەرە بڕیاری  سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش دەركرد كە بەكۆی گشتی دۆسیەکانی دەگاتە ٤٢ ساڵ، هەروەها فیگەن یوکسەکداخ سزای ١٩ ساڵ و بەکۆی سزاکان دەگاتە ٣٠ ساڵ و چەند سەرکردەی تری هەدەپە لەسەر هەمان دۆسیە حوکمدران.



PM:11:13:16/05/2024