عەلی حەمە ساڵح بۆ یەكێتی: ئەم چەکانەتان لە کوێ بوو و بەکام پارە کڕیوتانە؟

‌عەلی حەمە ساڵح


عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پۆستێکدا لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە، "ئەم چەكانەی كە چووەتە كوبانێ ئەگەر هی ئەمریكییەكانە و نێردراوە ئەوە لەبەر خاتری هیچ حیزب و رێكخراوێك نەبووە، ئەم چەكانە ئەگەر هی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەوە موڵكی هەموو كوردستانەو ئێستا دەدرێتە كۆبانێ".

عەلی حەمە ساڵح، روو لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات و دەپرسێت، "ئەگەر هی حیزبێكی دیاریكراوە با پێمان بڵێت ئەم چەكانەی لە كوێ بوو؟ بەكام پارە كڕی؟ ئەو پارە هەر هی حكومەتی هەرێم نەبوو، ئەویش هی خەڵكی كوردستان نییە؟".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان باس لەوەدەکات، کە "ناكرێت لەبەر ئەوەی گۆڕان وەزیری پێشمەرگەی لایە، ئەگەر چەكێك نێردرا بۆ كۆبانێ بڵێت من ناردم، ناكرێت ئەگەر پەرلەمان بڕیاری ناردنی پێشمەرگەی دا بۆ كۆبانێ، بڵێت من بووم".

هەروەک پێشیوایە، ناكرێت لەبەر ئەوەی پارتی سەرۆكی هەرێمی لایە، "بڵێت من ناردوومە، بۆیە ناشكرێت یەكێتی كە دەزگای زانیاری و بەشێك لە دژە تیرۆری لایە، بڵێت من بووم، چونكە هەموو ئەمانە موڵكی میللەتە. ئەگەر میللەت نەبێت گۆڕان و یەكێتی و پارتی چین؟".

عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوەشدەکات، کە چەندین رۆژە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی کوردستان، مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەو نوێنەری لایەنەكانی دیكە كە لە حكومەتن، "لە هەوڵێكی جددیدان بۆ ئەوەی هێز‌و چەكی كوردستان بچێت بۆ كوبانێ و لەگەڵ شەڕڤانە قارەمانەكان بەرگری لە نیشتمان بكەن، ئەگەر ئەم پرسە هاتە پەرلەمان و بڕیاری لێدرا ناكرێت كەس بیكاتە هەوڵ و دەستكەوتی خۆی".




PM:04:36:20/10/2014