سەعدی پیرە: مەسرور بارزانی لەبری ئەوەی پارێزگاری لە سلێمانی بکات تورکیا هان دەدات هێرش بکاتە سەری

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیارییەک لە رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای روونکردنەوە لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە و دەڵێت" مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و حکومەتی سلێمانیشە لەبری ئەوەی پارێزگاری لە سلێمانی بکات و بە تورکیا بڵێت هەڕەشەکانتان لە سلێمانی بێمانایە هانی تورکیا دەدات هێرش بکاتە سەر سلێمانی".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیایەکی سەر بە حزبەکەی راگەیاند" لە رۆژنامەی خەباتـی زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ١٤ی ئه‌م مانگه‌دا و به‌ مانشێتی گه‌وره‌ نووسراوه‌ (له‌ سنووری سلێمانی، په‌كه‌كه‌ هێزی چه‌كدار دروستده‌كات و ره‌وانه‌ی قه‌ندیل و رۆژئاوای كوردستانی ده‌كات)".

وتیشی "رۆژنامەکە رۆژنامەی حیزبەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە هەر خۆشی جێگری سەرۆکی پارتییە".

وتەبێژی یەکێتی دەشڵێت" مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و حکومەتی سلێمانیشە لەبری ئەوەی پارێزگاری لە سلێمانی بکات و بە تورکیا بڵێت هەڕەشەکانتان لە سلێمانی بێمانایە هانی تورکیا دەدات هێرش بکاتە سەر سلێمانی".

سەعدی ئەحمەد پیرە وتی" پارتی و یەکێتی لەبارەی ئەو پێشهاتانە لەنزیکترین ماوە کۆببنەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە بکەن و بزانین بە چی مەبەستێک ئەو بابەتە نووسراوە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەمە فۆڕمێکی تازەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی و بەڵگەیان چییە کە ئەو کارە کراوە؟.

پێشتریش لەمیانەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا و لە دیدارێک لە پەیمانگەی نیولاینس، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد رکابەرە سیاسیی و دوژمنەکانی یەکێتی زانیاریی هەڵە لەبارەی سلێمانی دەدەنە تورکیا و وتیشی" یەکێتی دژایەتی تورکیا ناکات بەڵام تورکیا نایەوێت لەمە تێبگات،  و تورکیا گوێ لە رکابەرە سیاسیی و دوژمنەکانی یەکێتی دەگرێت و مەبەستم پارتی و چەند هێزێکی ترە".



PM:02:59:17/05/2024