وەزارەتی دارایی لیستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێمی ڕەوانەی بانکی TBI کرد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی ڕەوانەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی- TBI دەکات کە ٣٦٨ فەرمانبەری تێدایە، تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمیی کوردستان لە ڕۆژی ١٦ی ئایار نووسراوی فەرمی بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی TBI کردووە، تێیدا بۆ یەکەم جار لیستێکی ٣٦٨ فەرمانبەریی کەرتی گشتیی ڕەوانەی TBI کردووە کە ئەو بانکەیان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی دیاریکردووە.

ئاوات شێخ جەناب لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکانی نێوان تیمی "هەژماری من” و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە فۆڵدەرێکی پارێزراویان لەگەڵدا هاوبەش دەکەن کە هەموو زانیارییەکی پێویستی تێدایە لەبارەی بەشداربووان  (KYC)، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو بەڵگەنامەیەکی پێویستی تێدایە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکیی بەگوێرەی پێویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق.

هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، بە شێوەیەکی خولی و لەکاتی ئامادەبوونی لیستی ناوەکان لە ڕێگەی نامەی ئەلیکترۆنی و نووسراوی فەرمییەوە، لیستی دیکەی ناوی سوودمەندبوونیان بۆ ڕەوانە دەکەن.

لە نووسراوەکەدا وردەکاریی ناوی ئەو ٣٦٨ کەسە هاوپێچ کراوە، ئاوات شێخ جەناب داوا لە TBI دەکات بە زووترین کات وەڵامیان بدەنەوە و ئەو زانیارییانەیان سەبارەت بە یەکەم لیستی کردنەوەی هەژماری بانکی پێبدەن:

لە خشتەی کات بۆ دروستکردنی هەژمارەکانیان، ڕێککەوتی دروستکردنی هەژمارەکە بە کرداریی، ژمارەی هەژمار(IBAN)ی هەر سوودمەندبووێک، ناوی ئەو لقەی کە هەژماری تێدا دەکرێتەوە، یاخود بۆی تەرخانکراوە، وادەی رادەستکردنی کارتەکە بە سەنتەری جیاکردنەوە-ی سەر بە پڕۆژەی (هەژماری من).

بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی  TBIڕۆژی ١٣ی ئایار لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕێی ناردنی لیستی ناوی ئەو مووچەخۆرانەیە کە مووچەکانیان لەلای ئەوان بەجێ دەکرێت بە هاوپێچیی بەڵگەنامەکان، بۆ ئەوەی دەست بە بانکیکردنی مووچە بکرێت.


PM:01:02:18/05/2024