لە یادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا
گۆڕان: لە هیچ بارودۆخێکدا بێ ئومێد نابین


لە حەوتەمین ساڵەی کۆچی دوایی رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەکە دەڵێن" جەخت دەکەینەوە بزوتنەوەی گۆڕان، لە هیچ بارودۆخێکدا بێ ئومێد نابین و بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان بەسەر ئاڵنگاری و سەختیەکاندا زاڵ دەبین".

دەقی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان:

نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری خەباتی نەتەوەیی و سەرقافڵەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ‎رۆژی (١٩ی ٥ی ٢٠٢٤)، حەوت ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەندازیار و سوارچاکی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی ، پێشەنگ و سەرقافڵەی دادپەروەری کومەڵایەتی "نەوشیروان مستەفا" تێدەپەرێت.

نەوشیروان مستەفا، وەک سەرکردەیەکی واقعبین لە قۆناغەکانی خەباتی سیاسی و ڕوناکبیری، کارەکتەرێکی متمانەپێکراو و خۆشەویستی خەڵک و پێشمەرگە و ئازادیخوازان بوو، لە هەموو ئەو قۆناغانەدا هەر پرۆژەیەکی هەبووبێت پشتگیری جەماوەری و دەستەبژێری لەگەڵ بووە.

 کاریزمایی "نەوشیروان مستەفا" پرۆسەیەکە بە زۆر هەوراز نشێو و ئاڵنگاریدا تێپەریوە، ئەو لەوکاتەی تێزی دکتۆراکەی لە کەناری دانوبەوە بەجێدەهێلێت و ڕوودەکاتەوە ناوزەنگ و ژیانی ناو تاشەبەردەکان، ئیتر لە خوێندکارێکی دکتۆراوە دەبێتە سەرکردەیەکی نیشتمانی و روناکبیرێکی بیرتیژ، پلاندانەر و فەرماندەیەکی سەربازیی.

 ‎ کاک نەوشیروان، لە شۆڕشدا دەبێتە داینەمۆی دروستکردنی ئیرادە و چەسپاندنی بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، لە ڕاپەرینی بەهاری (١٩٩١)دا دەبێتە ئەندازیار و فەرماندەی مەیدانی.‎ لە دوای یەکەمین هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمانی کوردستان، خواستی رادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە دامەزراوە نیشتمانییەکان و پێویستبوونی دامەزراندنی سوپای نیشتمانی هەبوو. 

لە دوای رووخانی رژێمی بەعس بە پێداگیری نەوشیروان مستەفا لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستوری عێراق چەسپێنران.

 ‎ لە بڕوابوونێکی قووڵەوە پشتیوانی تەواویی لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادییەکانی تاک و بزووتنەوەکانی گەنجان و خوێندکاران دەکرد. لەگەڵ ئەوانەشدا بە پرۆژە و بەرنامەی وردەوە دژی گەندەڵی و خراپکاری دەوەستایەوە، دەیویست کەرامەتی تاکەکان پارێزراوبن و دەوڵەت ئابووری بەهێزی هەبێت و سەرمایەگوزاری بکرێت لە تواناکانی گەنجان و مافی کەمەنەتەوەکان پارێزراوبێت و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دیموکراسییانە خەڵک نوێنەرەکانیان هەڵبژێرێت و بەرگری لە مافەکانیان بکات، سامانی سروشتی بە دادپەروەرانە بخرێتە خزمەتی خەڵک و ئاوەدانکردنەوە و بەرەو پێشبردنی هەرێمی کوردستان.

 ‎ ڕچەشکێن و بوێری، تایبەتمەندیی "نەوشیروان مستەفا"بوون، دامەزراندنی "بزوتنەوەی گۆڕان"، وەک یەکەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و پەرلەمانی، سەرەڕای ئاڵنگاری و دژایەتییە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان، سەلمێنەری ئەو تایبەتمەندییەی ئەون، هەربۆیە ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد، تەنیا لە یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کاریگەریی بەسەر ڕوداوەکانی ئێستا و داهاتوی کوردستان دەمێنێتەوە. ‎

پەرەسەندنەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش، پێویستی بە وردبونەوە و بە هەندوەرگرتنی ڕوانگەی سیاسیی کاک نەوشیروان هەیە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی سیاسیی و دانانی نەخشەڕێگایەکی کوردستانی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، بەتایبەت دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان و پرسی وزە، هاوکات زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گەڕانەوە بۆ ڕەوایەتی دەنگی خەڵک و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێم. ‎ 

لە کۆتایی و لەم ساڵیادە ماتەمهێنەدا، جەخت دەکەینەوە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک دوایین پرۆژەی سیاسیی ڕەوانشاد، درێژەپێدەری ڕوانگە و ئامانجە نیشتمانییەکانی نەوشیروان مستەفا دەبێت، بەشێوەیەک لە هیچ بارودۆخێکدا بێ ئومێد نابین و بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان بەسەر ئاڵنگاری و سەختیەکاندا زاڵ دەبین. بزوتنەوەی گۆڕان ١٨ی ٥ی ٢٠٢



PM:09:19:18/05/2024