سەعدی پیرە:رێگری بەردەم هەڵبژاردن پارتیە

وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت "ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن كۆتایی دنیا نییە، تاوەكو ئێستا رێگریی بەردەم هەڵبژاردن پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەو پارتە لە دواخستنی هیچی دەستناكەوێت".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئەمڕۆ ١٩ ی ئایار کە یەکەم هەڵبژاردنی لە کوردستاندا تیا ئەنجامدرا، سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند" باشترە بۆ بەهێزكردنی متمانە بە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان رێگرە لەبەردەم هەڵبژاردن و بەدواخستنی هیچی دەستناكەوێت".

پیرە داواشی کرد کە پێیباشە ئەمڕۆژە بەبۆنەی یادی هەڵبژاردنەوە بکرێت بەپشووی فەرمی و دەڵێت" پێویستە زۆر بەشکۆوە یادی دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان بکەینەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی "ئیدارەی هەرێمی كوردستان ٣٢ ساڵە هەیە و ئەوەش زۆرە، لەوە دەرچووە بڵێین تازەیە و هێشتا رەگ و ریشەی بەهێز نەبووە، بەڵكو بەهێز بووە بەڵام پێموایە مامەڵەمان لەگەڵ گڵاسێكی ناسك و هەستیارە و جار هەیە لەدەستمان دەكەوێت و بەشێكی دەشكێت، ئەوەش خراپە و پێویستە رێزی بگرین، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی سەنگی هەیە، دەوڵەت نییە دەڵەمەیە، پێویستە دامەزراوەکان وەکو بیلبیلەی چاومان بپارێزین".

وتەبێژی یەکێتی، جەختیکردەوە، هەر دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و چەند زووتربێت باشترە، هەروەها باشترە بۆ بەهێزكردنەوەی متمانە بە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت و، وتیشی" ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن كۆتایی دنیا نییە".

لەبارەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق وتی" دادگاكە هی خۆمانە و رێزی دەگرین و خۆمان دروستمانكردووە و نوێنەری خۆشمانی تێدایە، جار هەیە بڕیارەكانیمان بەدڵ نییە و جاریش هەیە بەدڵمانە، بەڵام لە هەردوو بارودۆخەكەدا رێزلێگیراوە".

ئەوە لە کاتێکدایە هەموو ئەگەرەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەستەمە بتوانرێت هەڵبژاردن لە ١٠ ی حوزەیرانی ئەمساڵ سازبکرێت، بەهۆی بەشدارینەکردن و داوایاساییەکانی پارتییەوە لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان.




PM:04:13:19/05/2024