بڕی زیادكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم دیاریدەکرێت

دوابەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بۆ هاوتاكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ عێراق و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی هەرێم و كاركردن بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتا دەكرێت و زیاتر لە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەی خانەنشینان.

ڤیان مەحمود، بەڕێوەبەری هۆبەی سەربازیی لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی ڕایگەیاندووە" لیژنەیەکی تایبەت پێکهاتووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بە بەغداد و کارەکان جێبەجێ کراون و چاوەڕێی ئەوەن بڕیارەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

لەبارەی چۆنیەتی زیادبونی مووچەی خانەنشینانی هەرێمەوە وتی، "هەر خانەنشینێک پێش ١/١/٢٠١٤ مووچەکەی ٢٠٠ هەزار بێت ڕاستەوخۆ دەبێتە ٣٢٠  هەزار و ١٠٠ هەزاریش مینحە وەردەگرێت و بەوەش دەبێتە ٤٢٠ هەزار دینار".

ئاشكراشی كردووە، ئەو حاڵەتانەی دوو کەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن مووچەکەیان لە ٢٠٠ هەزارەوە دەبێتە ٣٦٠ هەزار و ١٠٠هەزار مینحەش وەردەگرن و مووچەکەیان دەبێتە ٤٦٠ هەزار دینار.

لەبارەی ئەو کەسانەی خۆیان لە ژیاندان ڤیان مەحمود ڕوونی كردەوە" ڕاستەوخۆ مووچەکەیان دەبێتە ٥٠٠ هەزار و ١٠٠ هەزار مینحەیان دەبێت، گەر بڕوانامە و خزمەتیشیان زۆر بێت ئەوا بەپێی بڕوانامە و ساڵی خزمەتەکەیان مووچەکەیان تا ٨٠٠ هەزار دینار دەڕوات".

ئاماژەی بەوەشكرد، لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانییەوە ناوی زیاتر لە چوار هەزار و ٦٠٠ خانەنشینیان ڕەوانەی بەغدا کردوە بەمەبەستی هاوتاکردنی مووچەکانیان.

بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی داوە بە زیادکردنی مووچـەی خـانـەنشینانی هـەرێم ، بە گوێرەی بڕیارەکە ئەوانەی بڕوانامەی بەرز و خزمەتی زیاتریان هەیە مووچەکانیان زۆر زیاد دەکرێت.



PM:09:34:21/05/2024