پەرلەمانی عێراق یاسای پشووە فەرمییەكانی پەسەند كرد

پەرلەمانی عێراق یاسای پشووە فەرمییەكانی پەسەند كرد، كە جەژنی نەورۆز و یادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجەی تێدایە و ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا و بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و نەمانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، یادی ئەو كارەساتە بكرێتە پشوو لە تەواوی وڵاتدا.

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە كۆبووەوە و دوای هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و دەنگدان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی ئەو كۆسیۆنە تاوەكو ٦ی ١ی ٢٠٢٥ بۆ سەرپەرشتی كردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یاسای پشووە فەرمییەكانیشی پەسەند كرد.

بەپێی یاساكە، جەژنەكانی ڕەمەزان و قوربان و ڕۆژانی هەینی و شەممە و سەری ساڵی كۆچی و سەری ساڵی زایینی و یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە ١٢ی ڕەبیع اڵاول و ١ ی ئایاری جەژنی كرێكاران كرانە پشووی فەرمی.

هەر بەپێی یاساكە، ١٦ی ئادار بەبۆنەی یادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە و ٢١ی ئادار بەبۆنەی نەورۆز و ١٨ی زیلحیجە بەبۆنەی جەژنی غەدیر و ١٠ی موحەڕەم بەبۆنەی شەهید بوونی ئیمامی حسێن كرانە پشووی فەرمی.


PM:07:49:22/05/2024