"کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان پابەندە بەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە"

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت" چاوه‌ڕوانی هەنگاوی کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان". 
 
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە)، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە له‌ کاتی سەردانیکردنی بۆ كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌ هه‌ولێر، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" بڕیارە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات بۆ پێداچوونەوە بە بەرنامەکەی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". 

دەشڵێت" چاوەڕێی هەنگاوەکانی کۆمسیۆنین لەو بارەوە، چونکە بڕیارەکە لەبەردەستیدایە و پابەندە بەو بەروارەی کە پێشتر بۆ هەڵبژاردنەکان دیاریکراوە". 

وتیشی" ئەگەر کۆمسیۆن نەیتوانی هەڵبژاردن لەو وادەیە ئەنجام بدات و بەپێی بڕیاری ئەم دواییەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی دادوەری، پێویستە کۆمسیۆن لەوە ئاگادارمان بکاتەوە، ئەگەریش ئاگادار کراینەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکات". 

هەرچەندە پێشتر ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئه‌مساڵ بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریکرا، بەڵام ئەگەر ئەمجارەش پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێم دوابخرێت ئەمە دەبێتە چوارەم جار کە وادەی هەڵبژاردن دوادەخرێت و پرۆسەکە ئەنجام نادرێت. 

دوێنێش ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێم، ته‌مه‌نی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی  بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژكردەوە.


PM:04:57:23/05/2024