لەسەر کەیسی خنکانی د.فرمێسک دادگای هەولێر بڕیاریدا

فەرهاد مەلا حەسەن رایدەگەیەنێت" دادگای كەتنی ٢ی هەولێر بڕیاری لەسەر كەیسی خنكانی د. فرمێسك دەركردووە". 

فەرهاد مەلا حەسەن باوكی د.فرمێسك، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤ لە بەردەم دادگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ دادگای كەتنی ٢ی هەولێر بڕیاری لەسەر كەیسی خنكانی د. فرمێسك فەرهاد دەركرد کە لەناو کەیسەکەی د. فرمێسک بەڵگەی تەواو هەیە کە کەمتەرخەمیەکی زۆر کراوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی مەلاوانگە و ئەو کەسەی پێی ئەڵێن ڕزگارکەر". 

وتیشی" ئەمڕۆ دادگا بڕیاری بێتاوان بوونی هەردوو تۆمەتبارەکەی ڕاگەیاند، بەڵام وەک بنەماڵەی د. فرمێسک سەرلەبەری ئەو بڕیارە ڕەتدەکەینەوە و لە بڕیارەکە ناڕازین و رێکاری دیکەی یاسایی دەگرینەبەر". 

ڕاشیگەیاند" هەست بە دەستتێوەردان دەکەین لە رێکارەکانی دادگا، چونکە بەڵگەی تەواو هەبوو کە گیان لەدەستدانی د. فرمێسک قەزاوقەدەر نەبوو، بەڵگەکانیش ئاراستەی دادگا کرابوون، بەڵام ئەمڕۆ دادگا چاوپۆشی لێکرد". 


ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بڕیارەکەی دادگای هەولێر وەک خۆی بێت، ئەوا لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆماردەکەن. 

ڕۆژی ٧ی ئەیلولی ٢٠٢١ د. فرمێسک فەرهادی تەمەن (٢٥) ساڵان کە پزیشکی پسپۆڕی ددان بوو، لە یەکێک لە مەلەوانگەکانی شاری هەولێردا خنکا.


PM:05:11:23/05/2024