لە قەزای شنگال هونەرمەندێک کۆچی دوایی کرد

ناوەندی کەلتور و هونەری شنگال ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ حەسەن ئیمۆ بەڕێوەبەری ناوەندی کەلتوور و هونەری شنگال، بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد". 

ناوەندی کەولتور و هونەری شنگال لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە" ئەمڕۆ بەڕێوەبەری کەلتوور و هونەری شنگال حەسەن ئیمۆ، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد کە ماوەیەکە لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوو". 

دەشڵێت" حەسەن ئیمۆ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕاهێنانی بە دەیان کچ و کوڕی ئێزدی کردووە، سەدان ئاهەنگ و بەرنامەی بۆ پاراستنی کەلتووری ئێزدات ئەنجامداوە، هەروەها وەک هونەرمەندێکی گەنجی ئێزدی خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە کە هێز و جۆشیێکی زۆری بە کۆمەڵگەی ئێزدی بەخشی، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی گروپی چیای شنگال، کە دەنگ و ڕەنگی ئێزیدخانیان لە سەرانسەری ئێزدخان بڵاوکردەوە، ئەرشیفێکی هونەری بەنرخی لە دوای خۆی بەجێهێشت". 

هەروەها ئەوەش هاتووە" حەسەن ئیمۆ بە هەموو هێز و ئەزمونی خۆیەوە بۆ ڕۆشنبیری و هونەری شنگال کاری کردووە، بەرنامەی (جوانی شاخی شنگال)ی بۆ تەلەفزیۆنی چرا تیڤی ئامادەکردووە و بۆ ماوەیەک پێشکەشکاری ئەو بەرنامەیەی کردووە، دەیان گۆرانیبێژ و هونەرمەندی پیر و گەنجی بە جیهان ناساند". 


PM:06:45:23/05/2024