دارایی هەرێم دووەمین لیستی مووچەخۆران بۆ بانکی (TBI) عێراق دەنێرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دووەمین لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ بانکی بازرگانی عێراق TBIدەنێرێت کە لیستی کە ناوی ٤٥٣ مووچەخۆری وەزارەتە جیاجیاکانی گرتۆتە خۆی.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢٣ ی ئایار رایگەیاند " لەچوارچێوەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دووەمین لیستی لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی ( ٤٥٣ ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان".

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

لە کۆتاییدا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پرۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا هەفتەی رابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو. هیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات".

هەفتەی رابردوو بانکی بازرگانی و وەزارەتی دارایی عێراق ئەم جۆرە مامەلەی وەزارەتی دارایی هەرێمی رەتکردەوەو داوای کۆی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کرد.



PM:08:44:23/05/2024