بارزانی بۆ پرسی وزە گەیشتە ئیمارات


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم نەگەڕایەوە بۆ هەولێر و بۆ پرسی وزەو چەند پرسێکی تر گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات.

بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و شێخ محەمەد بن زاید سەرۆکی میرنشینەکانی ئیمارات؛ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو به‌غداد تاوتوێ كراوەو‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواری ئابوری و بازرگانی و هاریكاریی وزه‌دا كردووه‌. 

ئەوە لە کاتێکدایە کە کێشە لە نێوان هەرێم و بەغدادا خەریکە لەسەر پرسی بەرهەمی کێڵگەی غازی کۆرمۆ دروستدەبێت کە ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە گرێبەستەکەی لەگەڵ هەرێمدایە، بەڵام  بەغدا دەیەوێت بەبێ حسابکردن بۆ هەرێم سود لە غازەکەی وەربگرێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی تر گفتوگۆ كراوه‌، له‌وانه "ده‌رفه‌ت و بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریی ئیماراتی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان". 

"دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانی، هاریكاریی هاوبه‌ش و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وڵاتان بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری و ڕێگری له فراوانبوون و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری ئاڵۆزییه‌كان". تەوەرێکی تری کۆبوونەکە بووە و راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بۆ کردووە.

هەروەها باس لە پەیوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه و، گۆڕانی ئاو و هه‌واو لێكه‌وته‌كانی کراوە.

میدیای ئیمارات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمدا باس لە رەهەندی جیاجیای پەیوەندییەکان"ی نێوان هەردوو لا و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنیان کردووە بۆ ئەوەی بە جۆرێک بن کە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست دا بن."

نێچیرڤان بارزانی دوای سەردانی ئێران و بەشداریکردنی لە پرسەی سەرۆکی ئێراندا، سەردانی وڵاتی ئیماراتی کوردو دواتر ئەم ئێوارەیە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. 



PM:08:24:24/05/2024