سوپای عێراق لە بازگەکانی کەرکوک کشایەوە دۆسیەی ئەمنیی کەرکوک رادەستیی پۆلیسی پارێزگاکە دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە میدیاکانی راگەیاندووە" لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوپا لە تەواوی بازگەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک کشاوەتەوە".
وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت" دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە رادەستی پۆلیسی پارێزگاکە دەکرێت و لەشوێنی سوپا، پۆلیسی خۆجێیی بازگەکان بەڕێوەدەبەن، بەڵام لەژێر فەرمانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندان و پۆلیسیش بەشێکە لەو هێزە".
" بڕیارەکە تەنیا بۆ پارێزگای کەرکوک نییە، بەڵکو بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراقە و ئەو پارێزگایانەی سوپای لێیە دەبێت بکشێنەوە و پۆلیسی خۆجێیی شوێنیان بگرنەوە، پارێزگای کەرکوکیش لە رابردوودا دۆخێکی تایبەتی هەبووە و دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە لە دەستی سوپادا بوو، بەڵام ئێستا سوپا کشاوەتەوە.( وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند).