هەڵمەتی بەرگرتن لە وێرانکردنی گوێژە بەرفراوان دەبێت

‌فۆتۆ: سپی
رێکخراوەکانی ژینگەپارێز و چالاکوانانی و رۆشنبیران ، ژینگەدۆستان رۆژبەرۆژ دژی شێواندنی شاخی گوێژە و ئەزمەڕ دەوەستنەوە و لەم نێوەشدا سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ ژینگە ئاماژە بەوەدەکات کە داوای راگرتنی ئەو هەوڵانەیان داوە كە شاخ و گردەكانی سلێمانی دەكەنە پرۆژەی نیشتەجێبون و دەڵێت" ئەمە بە شێواندن و تێكدانی سروشت و سیمای شاری سلێمانی دەزانین".

مەعروف مەجید، سه‌رۆكی ڕێكخراوی ئاینده‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌ رایگەیاندووە" بەبەرچاوی حكومەت و دامو دەزگا فەرمییەكانەوە كۆمەڵێك كۆمپانیاو وەبەرهێن دەستیان بە شێواندنی شاخ و گردەكانی سلێمانی كردووە كە سیمایەكی جوانی بە شار بەخشیوە".
ئاماژەی بەوەشداوە کە  یەكێك لە سیما جوانەكانی سلێمانی بوونی شاخی گۆیژەو ئەزمەڕ بووە، بەداخەوە لە ئێستادا بەشێك لە شاخی گوێژە بەكار دەهێندرێت.

 مەعروف مەجید دەڵێت" وەكو رێكخراوە ژینگەییەكان ئەمە بە شێواندن و تێكدانی سروشت و سیمای شاری سلێمانی دەزانین، دەبوایە حكومەت لەبری بیركردنەوە لە كردنی بەیەكەی نیشتەجێبوون، بیری لەوە بكردایەتەوە ئەو شاخانەی بیكردایە بە شێونێكی گەشتیاری و جوان".

راشیگەیاند" ئێمە داواكارییەكی بەپەلەمان ناردووە بۆ نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت و دەستەی ژینگە و دەستەی گەشتوگوزار، كە ناكرێت سیمای شاری سلێمانی بەو شێوەیە بشێوندرێت".

مەعروف مەجید، سه‌رۆكی ڕێكخراوی ئاینده‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌ ئاشکراشیکرد" بە پێی داتاو ئامارەكان سلێمانی سەوزترین شارە لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام ئەم هەوڵانەو بەكارهێنانی شاخ و گردەكانی سلێمانی بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون جارێكی تر شێواندنی ژینگەی سلێمانیەو داوای راگرتنی دەكەین، ئەم كارانە تەنیا لە سلێمانی نیەو گەیشتووەتە قەزاو ناحییەكانیش".

دوو رۆژە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی تێکدانی ژینگەی چیای گۆیژەو ئەزمەر کۆمێنت و نوسین و وێنە بڵاودەکرێتەوەو خەریکە دەبێتە بابەتی رای گشتی خەڵکی سلێمانی و باشوری کوردستان.




AM:11:52:26/05/2024