چالاکوانێکی ژنان سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان، سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بەناوبانگی مافی ژنان و خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢١ ساڵ زیندانی و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدانی بە سەردا سەپێنرا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵات” سزای ١٠ ساڵ زیندانی، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ گرووپ و وڵاتە دژبەرەکان” سزای ١٠ ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام” سزای ١ ساڵ زیندانی بە سەریدا سەپێندرا.

بە بەکاربردنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی ٢١ ساڵ سزای زیندانی سەپێندراو، قورسترین سزا واتا ١٠ ساڵ زیندانی لەگەڵ دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی هەمەدان شیاوی جێبەجێکردنە.

پارێزەرەکانی ئەو ژنە چالاکوانە بە فەرمی ناڕەزایەتی خۆیانیان بەرانبەر بە ئەم سزا قورسە تۆمار کردووە، دۆسییەکە بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا نێردراوە.

ژینا مودەڕیس گورجی، دوای مانگێک زیندانی لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ژنانی سنە بۆ ژووری گشتی گواسترایەوە، دواتر  لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕفێندرا، دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی قورسی پێنج ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها ئەم چالاکوانەی مافەکانی ژنان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کرا، پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی لە زیندانی ژنانی بەندیخانەی سنە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.



PM:12:56:26/05/2024