بریندارێکی دیکەی سووتانی کارگەی غازەکەی هەولێر گیانی لەدەستدا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤ دووەم برینداری ڕووداوی ئاگرەکەى کارگەى غازەکەی سنووری پارێزگای هەولێر گیانى لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکانى ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ بریندارێکی دیکەی ڕووداوی ئاگرەکەی کارگەی غازی سەر ڕێگەی سەرەکی (هەولێر – کەرکوک)، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا کە ماوەی پێنج ڕۆژە لە نەخۆشخانە بوو. 

ئەو کەسەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە تەمەنی (٢٦) ساڵە و ڕێژەی سوتاویەکەی (١٠٠%) بووە. 

رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو ،ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی کارگەی غازی نەورۆز لەسەر ڕێگەی (هەولێر – کەرکوک) کەوتەوە کە بووە هۆی برینداربوونی سێ کەس و دوای دوو رۆژ لە رووداوەکە یەکێکیان گیانی لەدەستدا.

هەروەها لە ئێستاشدا برینی بریندارەکەی دیکەش سەختە و لە ژێر چاودێری پزیشکدایە.


PM:12:32:27/05/2024