نێچێرڤان بارزانی: ناكرێت بەناوی یاساوە كێشە بۆ مەسیحی و پێكهاتەكان دروست بكرێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ناكرێت بەناوی یاساوە كێشە بۆ مەسیحی و پێكهاتەكان دروست بكرێت و دەشڵێت" نەبوونی ئارامی و دڵنیایی خێزان وای كردووە چەندین خێزان هەڵوەشاونەتەوە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی( ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی (یاسای باری كەسی بۆ مەسیحییەكان) كە لە هەولێر سازكرا، لە وتارێكدا ڕایگەیاند" ماددەی ٤١ی دەستوور دەڵێت، هەموو عێراقییەكان ئازادن لە پاراستنی باری كەسی خۆیان و تا ئێستا ئەو ماددەیە كاری پێنەكراوە و بەو مادەیە مافی مەسیحی و مەندائییەكان پارێزراو دەبێت".

ڕاشیگەیاند" نەبوونی یاسای باری كەسی تایبەت بە مەسیحییەكان وادەكات، كە بەپێی یاسایەك مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، كە لەگەڵ ئایین و نەریتیان نەیەتەوە و ئەوەش كاریگەی خراپی لەسەر خێزان و منداڵەكانیان دەبێت و كێشە بۆ بایەتی میرات و تەڵاق دروست دەكات".

ئاماژەی بەوەشكرد، نابێت ئایینی منداڵ بگۆڕێت كە لەخوار ١٨ ساڵین و لەناو ئایینێكی دیكەدا دەژین، بۆیە هەر كاتێك دایك و باوك ئایینی خۆی گۆڕی دەكرێت منداڵ دوای ١٨ ساڵ ئازادبن لە بڕیاردان لە ئایینی خۆیان.

جەختیشی كردەوە، ڕەشنووسی یاسای باری كەسی بۆ مەسیحییەكان گرنگە، بۆیە ناكرێت بەناوی یاساوە كێشە بۆ مەسیحی و پێكهاتەكان دروست بكرێت.

سەرۆكی هەرێم وتیشی، " نەبوونی ئارامی و دڵنیایی خێزان وای كردووە چەندین خێزان هەڵوەشاونەتەوە و زۆر خێزان كۆچ بكەن".





PM:05:10:27/05/2024