"پێویستە ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی ژنان دەکەن، سزای جددی بدرێن"

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان دوێنێ یەکشەممە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوای دەکەن ڕێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی "کوشتنی شەرەف و توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان". 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان - ڕژاک، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن" کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف بۆتە بابەتێک کە مەترسییەکی گەورە بۆسەر کۆمەڵگە دروست دەکات، بەو پێیەی ئەو تاوانانە ڕەوان و تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت". 

هەروەها جەخت لە گرنگی دادگاییکردنی "تاوانباران و جێبەجێکردنی سزای توند بۆهەر کەسێک دەکەن کە تاوانی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام بدەن". 

ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت" کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی ناموسدا بووەتە خواردنەوەی ئاو هێندە ئاسان بووە، چونکە سزای تاوانکاران و بکوژان و دەستدرێژکاران نادرێت و دەڵێن کێشەی ناموس و کۆمەڵایەتی و خێزانییە، واتە ڕەوایی دانە بەو تاوانانە، چونکە ئەو ئەقڵە بۆ زۆرینە گونجاوە و ڕەوایە، ئەم کردەوەیەش گوزارشت لە لاوازی عەقڵ و ئەخلاق دەکات، هەروەها دەبێت تاوانباران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و دادگایی بکرێن". 

جەختیشی لەوە دەکەنەوە کە" ئەم ڕووداوانە تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و گۆڕینی ئەو تێڕوانینە هەڵەیەی کە هەندێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە ڕۆڵ و مافەکانی ژنان پەرەی پێدەدەن". 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان داواش دەکەن، یاسای پاراستنی مافەکانی ژنان توند بێت، هەروەها هەموو تاوانباران کە تاوانی توندوتیژی و پێشێلکاری مافەکانی ژنان ئەنجام دەدەن، سزای جددی بدرێن.

ڕاگەیەندراوەکەی (ڕژاک) لە وەڵامی کوشتنی کچێکی گەنج دێت کە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە لە ناوچەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەلایەن باوکیەوە کۆتایی بە ژیانی هێنرا. 

دوای ڕووداوەکەش هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەبارەی هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکەوە ئاماژەیان بەوەکرد کە ڕووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە. 


PM:09:18:27/05/2024