پێشەواهەورامی: لیستی مووچەی مانگی ٥ ئامادەکراوە و مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش چارەسەر دەکرێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەران ئامادە کراوە و کێشەی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانیش لەم دوو ڕۆژەدا چارە دەکرێت".

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانیکی لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاند" لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و بەم زووانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت".

لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە هەورامی وتی" لەم یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مانگی نیسان (چوار)ــی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چارە دەبێت و ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".

پێشەوا هەورامی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕە پارەیەی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، " بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی (ئیدارە مالییە) بووە، بۆیە سەدا ٥٠ی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیدا هاتووە ڕادەست کراوە".

جەختیشی كردەوە" وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوادارین چۆن ئێمە پابەندی دەستوور بووین و پابەندییەکانی سەرشانمان جێبەجێ کردوون؛ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە بەغدا بە هەمان شێوە پابەند بن، تاوەکوو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارە ببن".


PM:07:09:28/05/2024