عەبدولڕەقیب یوسف لەبارەی تێکدانی گردەکانی گۆیژە پەیامێکی بڵاوکردەوە

هەڵمەتی بەرگرتن لە وێرانکردنی گوێژە بەردەوامە، ئەمجارە نووسەر و مێژوونووس و شوێنەوارناسێکی دیاری کورد لەبارەی تێکدانی گردەکانی گوێژە هاتە دەنگ و وتی" لە هیچ شوێنێکی دیکەی کوردستانی گەورە ، سێ گرد لە ڕیزی یەک و لە تەنیشتی یەک بەم شێوە هەرەمیە جوان و نایابەم نەدیوە ".

عەبدولڕەقیب یوسف نووسەر و مێژوونووس و شوێنەوارناسی دیاری کورد لەبارەی تێکدانی گردەکانی گۆیژە لە سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" چەند جارێک وێنەی ئەو سێ گردەی گۆیژەم گرتوە چونکە بە (ئەهرامی میسر) دەچن، مرۆڤ دەڵێ بەدەست دروست کراون و لە هیچ شوێنێکی دیکەی کوردستانی گەورە ،سێ گرد لە ڕیزی یەک و لە تەنیشتی یەک بەم شێوە هەرەمیە جوان و نایابەم نەدیوە".

لە بەشێکی تری پەیامەکەی ئەو شوێنەوارناسە وتیشی" لەبەر ئەمە ساڵی ٢٠٢١ کاتی شەتڵیان دەڕواند لە گۆیژە بۆ قائیمقامی سلێمانی بەڕێز(ئاوات محمد غفور)م وەسفی ئەو سێ گردەم کرد لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی دا و وتم ، بیان پارێزن و درەختیش لێیان مەڕوێنن چونکە درەخت دیمەنی هەرەمی و جوانەکانیان دەشێوێنێ وە با وەک خۆیان بە ڕوتی بمێنن".

ئاشکراشیکردووە" لەبەر ئەم سیفەتە گرنگ و ناوازەیەیان لەبواری ژینگەوە دەبێت ئەو گردانە بپارێزرێن و دەستکاری نەکرێن و نابێت بکرێن بە پڕۆژەی نیشتەجێبون".
 



PM:07:57:28/05/2024