"هەرێم ژمارەیەک ناوی سەربازی و ئەمنی دەداتە عێراق بۆ وردبینی و ناردنی مووچە"

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند" حکومەتی هەرێم لە هەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناو بە ڕاپۆرت ڕەوانەی عێراق دەکات، تا وردبینی بۆ ناو و کۆد و بڕی مووچەکانیان بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان خەرج بکرێت".

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ( ماوەبۆدرێژکراوەی) حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" حکومەتی هەرێم لەهەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناوی ئامادە کردووە نەک کۆد، ئەم ناوانە ڕەوانەی عێراق دەکرێن تا لەسەر بنەمای ئەمە مووچەی کەرتی سەربازی هەرێم ڕەوانە بکرێت".

دەشڵێت" حکومەتی هەرێم نموونەی ئامادە کردووە و لە هەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناو ئامادە دەکات، کە پێشتر دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ کۆدەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی وردبینی بۆ کۆد و ناو و پلە و مووچەکانیان بکرێت و دروستیان بسەلمێنرێت، ئەمە بە ڕاپۆرت ئامادە کراوە".

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو ناوانەی ئاشکرانەکرد کە بۆ حکومەتی عێراق نێردراون بەڵام وتی لە هەر دەزگایەک " ژمارەیەک" دیاریدەکرێت، وتیشی" بۆ مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و بەرپرسانی عێراق لەوبارەیەوە دڵنیاییان داوە".

ئەم قسانەی سەمیر هەورامی لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ 
لیوا ڕوکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ئەوەی من بەدواداچوونم بۆ کردووە ڕیکەوتنەکە وایە کە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەکە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و عێراق وردبینی بکەن ئینجا مووچەکە بنێرن".

وتیشی" داتای تەواومان لە وەزارەتی دارایی هەرێم هەیە. ئەوەی ئێمە ئاگادار بین حکومەتی هەرێم وەکو مانگی ڕابردوو کۆدەکانی ناردووە، چونکە مانگی ڕابردوو مووچەکانمان بە کۆد بوو، دوای وردبینی لەلایەن بەغدادەوە مووچەکە دەنێرن. تا ئێستا بەغداد هیچ تێبینیەکی نەبووە،  کە مووچە دوادەکەوێت کار لەسەر ئیلتیزامەکانی پێشمەرگە دەکات، بەڵام وەک کێشە تا ئێستا نەبووە و مەترسی خۆپیشاندانیش دروست نەبووە چونکە پێشمەرگە هێزێکی بە دیسیپلینە".







AM:12:02:29/05/2024