پاش ئەوەی ڕۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ لە سنووری قەزای چەمچەماڵ گهنجێك گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ چوارشەممە خانەوادەی گەنجەکە سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی تۆمارکرد.
باوکی ئەو گەنجە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" کوڕەکەم کە تەمەنی ١٩ ساڵە لە ١٥ی شوباتی ئەمساڵ لە چەمچەماڵ لە لایەن ئاسایشی ڕۆژئاواوە کوژراوە کە وتراوە گوایە پارەم وەرگرتووە و بە سوڵحی عەشایەری بابەتەکە چارەسەر کراوە، بەڵام بئێمە سەرلەبەری ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوە و چاوەڕێی یاسا دەکەین و دەمانەوێت یاسا سەروەر بێت".
وتیشی" ئێمە نازانین کوڕەکەمان بۆچی کوژراوە دەمانەوێت ڕاستی ڕووداوەکە بزانین، بەڵام پێشتر بەیانێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایە کوڕەکەمان سەرانەی لە خەڵك سەندووە، ئایا گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵ ١٣ هەزار لەگەڵ مۆبایلێکی عادی لە گیرفانی بێت ئەبێت سەرانەی لە کێ سەندبێت؟".
ڕاشیگەیاند" سکاڵامان لەسەر بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی تۆمارکردووە، لەگەڵ ئەو دوو مەفرەزەش کە هەستاون بە کوشتنی کوڕەکەم و ههموو رێكارێكی یاساییش دهگرینەبەر".