سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەوەی ئێستا بە شاخی گۆیژە دەکرێت تاوان و دەستدرێژی ژینگەییە، ئەگەر داواکاری گشتی هەبوایە، دەبوو ئەنجامدەرانی ڕووبەڕوی لێپێچینەوە یاسا ببونایەتەوە".
عهبدولستار مهجید سهرۆكى پێشووی فراكسیۆنى كۆمهڵی دادگەری له خولی پێنجەمی پهرلهمانى كوردستان، سەبارەت بە سوتاندن و تێکدانی شاخی گۆیژەی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەپێی یاسای ژمارە (١٠)ـی ساڵی (٢٠١٢)ی پەرلەمانی کوردستان بۆ هیچ کەس نیە شاخ و دارستان و بەردەڵانەکان دەستکاری بکات و سروشت و ڕەگەزیان بگۆڕێت بۆ شتی دیکە، تەنها لە حاڵەتێکدا ڕێگە پێدراوە، کە ئەگەر پرۆژەیەکی ستراتیژی گرنگ هەبێ کە سودی گشتی تێدا بێت".
دەشڵێت" ئەوکاتەش حکومەتی خۆجێی و وەزارەتەکان بۆیان نیە ئەو بڕیارە بدەن، بەڵکو دەبێت لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لێبدرێت".
ڕاشیگەیاندووە" ئەوەی ئێستا بە شاخی گۆیژە دەکرێت، ڕۆژێک دەسوتێندرێت ڕۆژێک شۆفڵ و حەفارەی تێ بەردەدرێ و بۆ شوقە و ڤێلای کۆمپانیاکان تەخت دەکرێت، تاوان و دەستدرێژی ژینگەییە و پێچەوانەی یاسایە کە ئەگەر داواکاری گشتی هەبوایە، دەبوو ئەنجامدەرانی ڕوبەڕوی لێپێچینەوە یاسا ببونایەتەوە".