"پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوە بێ‌ كەموكوڕی و لەكاتی خۆیدا ڕەوانەی عێراق بكرێت"

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" كە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ناوچە كوردستانییەكان نابێت و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوە بێ‌ كەموكوڕی و لەكاتی خۆیدا ڕەوانەی حكومەتی عێراق بكرێت".

حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ( ماوەبۆدرێژکراوەی) حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری( ماوە بۆدرێژکراوە)ی كۆبووەوە و بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان .

لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، مەسرور بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی كوردستانییانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە، كە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو ناوچە كوردستانییانە نابێت و پێویستە كۆتایی بە سیاسەتی بەعەرەبكردن و ئەو پێشێلكارییانە بهێنرێت، كە لەو ناوچانە دەكرێت و و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە و بە پێی ماددەی ١٤٠ ی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن.

ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی باڵای وەزاریی پێكهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و دانانی پلانی جێبەجێكردنی ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاك، كە لەكارە لەپێشینەكانی حكومەتە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵكردنی هەرێم بە بابەتەكانی دیكەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت.

لە تەوەری دووەمدا گفتوگۆ لەبارەی تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان كرد لە خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ و داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانیەكان كرا، كە بە یەك دەنگ داكۆكی لە ماف و شایستەكانی هەرێم بكەن لە خشتەكانی بودجەی فیدراڵ.

سەرۆك وەزیران جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان بەردەوام بن لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجكردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ كەموكورتی و لە كاتی خۆیدا، ڕەوانەی حكومەتی فیدڕاڵ بكرێت و لە بەرامبەریشدا، حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێ بگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوكێدا نەبن.

لە بڕگەیەكی دیكەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەك كارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی، كە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووك لە ساڵانی پێشوودا، بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی ٢٠% لە كۆی گشتی بەركەوتەكانی نەگەڕاوە، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەكرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی، كە پڕۆژەكانیان سەركەوتوو نەبووە بەهۆی هۆكاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداچونەوە بە دۆسیەی كاریگەریی هاتووچۆی تانكەر و بارهەڵگرەكان لە ڕێگە و بانە سەرەكییەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش ڕێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی بكەن لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان، هەروەها پەلە بكات لە تەواوكردنی پڕۆژەكانی دووسایدكردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەكییەكان بە تایبەتی لە نێوان هەولێر و سلێمانی.


PM:08:12:29/05/2024