سبەینێ‌ لە چەند پارێزگای عێراق و هەرێم سەرژمێری گشتی ئەزموونی بەڕێوەدەچێت

سبەینێ‌ لە (١٨) پارێزگای عێراق سەرژمێری گشتی ئەزموونی بەڕێوەدەچێت، و لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك لە (١٩) گەڕەك پرۆسەكە ئەنجامدەدرێت.

رۆژنامەی (الصباح) بڵاویکردوەتەوە" سبەینێ‌ هەینی سەرژمێری دانیشتوانی ئەزموونی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت، كە لە (٨٦) ناوچەی جیاواز (١٨) پارێزگا ئەنجامدەدرێت".

ئاماژەی بەوەشداوە ، پرۆسەكە ماوەی (١٤) رۆژ بەردەوام دەبێت و (٧٦٤) لێكۆڵەرەو كارمەندی هونەری و كارگێڕی لە فەرمانبەرانی سەربە دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەشداری تیادا دەكەن. 

لەمبارەیەوە محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەکەی رایگەیاندووە" لێكۆڵەرو ژمێركارەكان لەنێوان كاتژمێر (٨_٩)ی بەیانی دەگەنە ئەو ناوچانەی كە سەرژمێرییەكە دەیگرێتەوە، كارەكەیان تا كاتژمێر (٤) پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، بە درێژایی رۆژانی سەرژمێری ئەزموونی".

جەختیشی لەوەکردووەتەوە کە بنەمای سەركەوتنی پرۆژەكە هاوكاریكردنی خێزانەكانییە، و جەخت لە پابەندبوون دەكەین بە نهێنی بوونی داتاكان و پاراستنی تایبەتمەندی كەسەكان بۆ هیچ مەسبەستێكی تر بەكارناهێنرێت جگە لە ئامانجەكانی گەشەپێدان. 

رۆژنامەی ( الصباح) ئەوەشی خستووتەڕوو کە ئەو ناوچانەی سەرژمێری ئەزموونی دەیانگرێتەوە ژمارەیان (٨٦) گەڕەكە_(٤٥٠) بلۆك، كە بەسەر سەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا دابەشبوون، هەر لە پارێزگایەك (٢٠_٣٠0) بلۆك لە خۆدەگرێت.

لە هەریەك لە پارێزگاكانی بەغدادو بەسرە (٦) گەڕەك، نەینەوا (٥) گەڕەك، زیقار (٨) گەڕەك، سلێمانی (٨) گەڕەك، هەولێر (٣) گەڕەك، دهۆك (٨) گەڕەك،  كەركوك(٤) گەڕەك، لە هەریەك لە نەجەف و بابل (٦) گەڕەك، دیالە(٣)گەڕەك، میسان (٧)گەڕەك، كەربەلا (٣)گەڕەك، دیوانیە (٢)گەڕەك، ئەنبار (٧) گەڕەك ، موسەننا (٤) گەڕەك.


AM:09:46:30/05/2024