شاعیری ناسراوی کوردستان، دلاوەر قەرەداغی لەبارەی شێواندن و تێکدانی سروشتی گۆیژەوە نووسیوویەتی" گرنگ نییە کەی، ئەمانە بە خۆیان و گرد و کۆمپانیا و دوکان و بازاڕیانەوە دەڕۆن و، تۆیش لە ڕۆژێکی جواندا دەژێیتەوە و، وەک جاری جاران".
رۆژ بەرۆژ و سات بەسات ناڕەزایەتی رۆشنبیران و هونەمەندان و دەستبژێری باشوری کوردستان دژی شێواندنی چیای گۆیژە دەنگ هەڵدەبڕن و نوسین و هۆنراوەو پەیام بڵاودەکەنەوە، دوو هەفتەی تەواوە ناڕەزایەتی خەڵک هێمن نەبۆتەوەو فراوانتر دەبێت، ئەمڕۆش شاعیری ناسراوی باشوری کوردستان دلاوە قەرەداغی نووسیوویەتی " ئەوان سەرەتا لە بنارتەوە دەستیان پێ کرد و کەوتنە چڕنووقی باڵەخانە و ڤێلا لێ گرتنت، ئینجا کەوتنە چەمۆڵەلێنانی یادەوەریی شاعیرانت بەدیار بەڵقیسی تارای زیوینپۆشی سلێمانیتەوە".
دەقی نووسینەکەی شاعیر دلاوەر قەرەداغی:
ڕۆژێک لە ڕۆژان، گرنگ نییە کەی، ئەم برینی چاڵ و چۆڵییانەی سەر لەش و ڕوخسارت دەپروێ و، تەڵ تەڵ گیا و، نەمام نەمام درەخت دەژێیتەوە!
بەڵام ئەوەی نەک هەر لاناچێ، بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ شێرپەنجەئاسا بە ڕۆحیاندا بڵاو دەبێتەوە، ڕەشایی ناو دڵ و تانەی لێڵی سەر بیناییانە.
ئەوان سەرەتا لە بنارتەوە دەستیان پێ کرد و کەوتنە چڕنووقی باڵەخانە و ڤێلا لێ گرتنت، ئینجا کەوتنە چەمۆڵەلێنانی یادەوەریی شاعیرانت بەدیار بەڵقیسی تارای زیوینپۆشی سلێمانیتەوە.
ڕۆژێک لە ڕۆژان؛ گرنگ نییە کەی، ئەمانە بە خۆیان و گرد و کۆمپانیا و دوکان و بازاڕیانەوە دەڕۆن و،
تۆیش لە ڕۆژێکی جواندا دەژێیتەوە و،
وەک جاری جاران،
هەر دەمە بەرگێ ئەپۆشی،
گا سپی، گا سەوز و سوور
ڕۆژێک لە ڕۆژان،
گرنگ نییە کەی
ئەبیتەوە بە گۆرانی،
ئەی باعیسی کەیف و سروور!
دلاوەر قەرەداغی