بەهۆی نەكردنەوەی هەژماری بانكی و دروستنەكردنی ڤیزە، پێدانی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان بە بریكارەكانی خۆراك راگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەشە خۆراكی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری سەرجەم بریكارەكانی خۆراكی کردەوە کە ئەو بریكارانەی تا ئێستە مامەڵەی دروستكردنی (ڤیزە كارت)ی بانكی (مصرف الجنوب الاسلامی)یان نەكردووە، بە زووترین كات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بكەن، چونكە بە بڕیاری بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی عێراقی، هەر بریكارێك مامەڵەی دروستكردنی ڤیزە كارتی نەكردبێت، بەشە خۆراكی سەبەتەی چوار واتا بەشە خۆراكی ئەو مانگەی بۆ ناچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بریكارانەی كە مامەڵەی بانك (مصرف الجنوب الاسلامی)یان كردووە، بەڵام تا ئێستە ڤیزە كارتیان دەرنەچووە یاخود تەواو نەبووە، دەتوانن سەردانی هۆبەی بانكی (جنوب الاسلامی) بكەن لە ناو بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراك، وەسڵێكیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن پارەكە بە (ڤیزە كارت) بدەنە فەرمانبەرانی هۆبەی (خەزنە/ صندوق).