"پێویستە حكومەت پابەند بێت بەو خشتانەی بوودجەوە كە خۆی ناردوونی"

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە دوای پەسەندكردنی خشتەی بوودجەی ئەمساڵ ڕایگەیاند" پێویستە حكومەتی فیدراڵ پابەند بێت بەو خشتانەی بودجەوە كە خۆی ناردونی". 

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەنوسانی وت" شەوی ڕابردوو ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئەندامانی لیژنەكە لەسەر خشتەكانی بودجە دروست بوو، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی كۆبونەوەیەكمان رێكخست بۆ ئەوەی لیژنەكە بە یەكدەنگی بێنە نێو دانیشتنی پەرلەمان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەندامانی لیژنەی دارایی سازانیان نەبوو لەسەر بودجەكە، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا بە زۆرینەی دەنگ دەنگدرا كە خشتەكان بەو جۆرەی كە لەلایەن حكومەتەوە نێردراون دەستكاری نەكرێن. 

ئەوەشی خستەڕوو، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بە رێككەوتنی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم لە خشتەكانی بودجەدا كراوە، لە ناو بودجەكەدا زامنی موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم كراوە ئەوەش لە چوارچێوەی بودجەی تەشغیلیدا وەكو خۆی و هیچ كێشەیەكی نییە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە حكومەتی فیدراڵیش پابەند بێت بەو خشتانەی بودجەوە كە خۆی ناردونی.

هەروەها لای خۆشیەوە ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆنامەوانیدا هەڵوێستی فراکسیۆنەکەی ڕاگەیاند و وتی" هەموو ئەندامانمان لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئامادەبوون و ئەنجامێکی باشیش بۆ مووچەخۆران بەدیهاتووە کە مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە".

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا كه‌ ١٩٩ په‌رله‌مانتار ئاماده‌ بوون، خشته‌ی‌ بودجه‌ی ئەمساڵ په‌سه‌ند كرا، لە بودجەی‌ گشتی ئەمساڵدا پشکی‌ هەرێم بە زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دینار دیاریکراوە، هاوکات داهاتەکانیش بە زیاتر لە ١٤٧ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، هەروەها نزیکەی ١٢ ترلیۆنی بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و نزیکەی ٨ ترلیۆن دیناریش بودجەی وەبەرهێنان و خەرجییەکانی دیکەیە.


PM:09:34:03/06/2024