چوار پارتی سیاسی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەن

چوار پارتى سیاسی لە ناوچەى باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، داوای دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکەن کە بڕیارە لە ١١ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئاژانسی هاوار نیوزی نزیك لە پەیەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمسیۆنی باڵایی هەڵبژاردنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند" چوار پارتی سیاسی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیان کردووە کە بڕیارە ڕۆژی ١١ی حوزەیران بەڕێوەبچێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی هاوپەیمانی نیشتیمانی دیموکراتی سوریا، پارتی گۆڕان و گەشەپێدانی دیموکراتی نیشتمانی، پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا و پارتی نیشتمانی سوری ئەوانە لایەنانەن کە داواکاری دواخستنی هەڵبژاردنەکانیان پێشکەشکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

بەپێی بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت، دوو هاوپەیمانی و سێ حزبی سیاسی و چەند کەسێکی سەربەخۆ خۆیان بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە. 


PM:06:11:04/06/2024