"بڕیارە ئەم هەفتەیە مووچەی هێزە ئەمنییەکان بگاتە هەرێم"

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە وردبین ی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە و بڕیارە ئەم هەفتەیە پارەکەیان بگاتە هەرێم و بۆئەوەی دەست بەدابەشکردنی بکرێت.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " وردبینی لە لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە، و ناردنی مووچەیان تەنیا رێکاری کارگێڕی ماوە".
 
ئەوەشی خستەڕوو کە " بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکات بۆ ئەوەی دەستبەجێ دابەشکردنی مووچەیان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو مانگە هێزە ئەمنییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە و فەرمانبەرانی هەرێمیش مووچەی انگی پێنجیان وەرنەگرتووە، بەڵام لە عێراق دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ٦ کراوە.



PM:07:05:04/06/2024