ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. مانگی ڕابردوو چەندین پێشێلکاری بەرامبەر ژنان کراوە

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنان کراوە". 

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاودێری مافی مرۆڤ دەکات، لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە" لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی ٤ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە".

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو مانگەدا ١٤ چالاکوانی ژن دەستگیرکراون و ١٧ چالاکوانی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە. 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی هەنگاو، هەر لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

بەپێی ئامارەکەی هەنگاو، ٨ ژن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە و ٢ ژنیش لەلایەن کوڕەکەیانەوە، ١ ژن لەلایەن براکەی، ١ ژنی دیکەش لەلایەن هاوڕێکەی  و ١ ژنیش لەلایەن کەسێک بە ناسنامەی نادیارەوە کوژراون.


PM:12:57:05/06/2024