وەزیری دارایی: پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەین بەبێ رەزامەندی لە بناری گۆیژە لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی کرابێت


وەزیری دارایی، ئاوات شێخ جەناب لە پێشوازی کردنی لەدەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، رایگەیاند" پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەین کە بەبێ ڕەزامەندی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی کرابێت". ( بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئەو پرۆژانەی ئەنجامدەدرێن موڵکی وەزارەتی دارایین و مۆڵەتیان نییە لەو وەزارەتەوە).

بەپێی راگەیاندنێک کە وەزارەتی دارایی بڵاویکردۆتەوە، ڕۆژی چوارشەممە ( ٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ) ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە شوان محەمەد و ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی. 

وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و گرفتی ئەو پرۆژانە کرا کە بەبێ مۆڵەت و بە سەرپێچی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کراون. "

 هەروەها هاتووە " ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەن بەبێ ڕەزامەندی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کرابێت، لەوانە هەموو ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژەو ناوچەکانی تر کە بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بێت چ پرۆژەی نیشتەجێبوون بێت یان پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی بێت یان هەر پرۆژەیەکی تر". 

وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لەسروشت و موڵکی سلێمانی سوپاسی ئەم هەڵوێستەی وەزیری داراییان کرد بۆ پشتیوانی و داکۆکیکردن لەسروشت و موڵکی سلێمانی دژی کاری نایاسایی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی".

بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی " سپی " لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە" تێکڕای ئەو پرۆژانەی لە بناری چیای گۆیژە ئەنجامدراون موڵکی وەزارەتی دارایین و هیچکام لەو پرۆژانە مۆڵەتی وەزارەتی داراییان نییە".

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بە هەموو ئاراستەکان بەردەوامن بۆ راگرتنی شێواندن و تێکدانی سروشتی چیای گۆیژە.



PM:05:34:05/06/2024