ئەمڕۆ دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکرێت

ئەمڕۆ دەرگای سایلۆکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە و جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن، و هەر ئەمڕۆش چەکی پارەکەیان پێدەدرێت بە گوێرەی جۆری گەنمەکە کە بۆ هەموو عێراق یەک پێوەرە و دوو جۆرە.

حەیدەر گەرعاوی ، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند"ئەمڕۆ پێنجشەممە دەرگەی سایلۆکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە و جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن، رێککەوتن کراوە کە ٧٠٠ هەزار تۆن وەربگرێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش واژۆی لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە، کە لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە پێی گەیشتوون و نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی تێدایە".  
 
حەیدەر گەرعاوی دەڵێت" ئەو بڕە گەنمەی دیاریکراوە  بۆ هەرێمی کوردستان بەگوێرەی تێکڕای رێژەی زیادبوونی بەرهەمهێنانی گەنمی ئەم ساڵ بووە لە عێراق و زۆرترین رێژەشی بۆ دیاریکراوە کە لەسەر بنەمای بەرهەمی پارێزگای کەربەلا بوو، کە گەنمەکەی ٤٠% زیادیکردووە. گەنمی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستان ٥٠٠ هەزار تۆن بووە و ئەم ساڵ گەیشتووەتە ٧٠٠ هەزار تۆن."
 
ئاماژەی بەوەشداوە کە هەر ئەمڕۆ چەکی پارەکەیان پێدەدرێت بە گوێرەی جۆری گەنمەکە کە بۆ هەموو عێراق یەک پێوەرە و دوو جۆرە، یەکێکیان بەبێ لێبڕین کە ٨٥٠ هەزار دینارە بۆ یەک تۆن، ئەوی دیکەیان کە کوالێتی نزمترە بڕێک پارەی کەمی لێ دەبڕدرێت

خەرجی جوتیاران لە چوارچێوەی خەرجی حاکیمەداوە و ئەو خەرجییەش ساڵانە بە گوێرەی داهاتی نەوتی و نانەوتی و ئاستی کورتهێنان لە عێراقدا بڕەکەی دەگۆڕێت.

بەمەبەستی هاوکاریکردنی جوتیارانی هەرێم و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بە نرخی پاڵپشتیکراو، بڕی ٧١٢ ملیار و ٧١٥ ملیۆن دینار لەسەر بەشەبودجەی هەرێم بۆ جوتیاران تەرخانکراوە.



AM:11:19:06/06/2024