وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی ئایاری بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج کرد.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی (کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، شەهیدان و کاروباری ئەنفال، گرێبەستەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان)ـی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکوو ئێستا فەرمانی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار و پێنجی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەرنەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدا کە ماوەی دوو مانگە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و عێراق ئامادە نییە بە کۆد مووچەکەیان رەوانە بکات.