ئەمڕۆ پێنج شەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە دوو ڕووداوی هاتووچۆی جیادا لە هەرێمی کوردستان دوو گەنج گیانیان لەدەستدا و پێنج ئەندامی یەک خێزانیش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بەیانی ئەمڕۆ دوو ماتۆڕسواری گەنج لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ سێبیران، ئۆتۆمبێلێك خۆی پێدا کێشاون و بەهۆی رووداوەکەوە هەردووكیان دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا.
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی چەمچەماڵ ڕایگەیاند" بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا لەسەر ڕێگەی (چەمچەماڵ - تەکیە) پێنج ئەندامی یەک خێزان کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون برینداربوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا بارودۆخی بریندارەکان جێگیرە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدا چارەسەر وەردەگرن.