هاوپەیمانی عەرەبی كەركووك رایگەیاند " لە كاتێكدا هەموو خەڵكی كەركووك چاوەڕوانی و پێشكەوتنێكی سیاسین لە نێوان هێزە سیاسییەكان، بە تایبەت دوای كۆبوونەوەی (هاوپەیمانی ئیدارەی كەركووك) بە سەرپەرشتی سەرۆكی حكومەت، بەڵام هەموو لایەنەكان لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوامن، بۆیە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەیە".
هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك لە بارەی دواین پێشهاتەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شارەكە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێت" بەردەوام بوونی لایەنە سیاسییەكان لە سەر هەڵوێستی خۆیان پێشخستنی بەرژەوەندی حزبی و كەسی لە پێش بەرژەوەندی گشتی كەركوك و خەڵكەكەی هۆكاری نەگەیشتنە بەڕێككەوتن".
لە درێژەی راگەیاندنەکەیاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەركوتكردنی بەشێك لە فراكسیۆنەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بابەتەكە بەرەو ئاراستەیەكی دیکە دەبات، كە ڕەنگە بە پێی یاسا ببنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك.
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، تا ئێستا یەك كۆبوونەوەیان ئەنجام نەداوە، بۆیە ئێمە نیگەرانی خۆمان لە دەستوەردانی هەندێك لایەن لە دەرەوەی پارێزگا دەردەبڕین، چونكە دەبێتە هۆی دووبەرەكی زیاتر لەنێو خەڵكی شارەكەدا.
هاوپەیمانی عەرەبی داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا دەكات هەموو دەستوەردانە دەرەكی و هەرێمیەكان دوور بخەنەوە، گرنگی بە بەرژەوەندی گشتی بدەن و ڕەچاوی ئەو بەرپرسیارێتیە بكەن و، لە زووترین كاتدا یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجام بدەن.
لە سێهەم کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سەرکەوتووەکان کە ڕۆژی ٢٩ـی ئایار سازکرا، لایەنەکان ڕەزامەندیان دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بەڵام تا ئێستا وادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە دیار نییە.