حکومەت لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەناوی سیانییەوە رادەستی بەغدا دەکات

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکات لیستی مووچەی مانگڤی پێنج ئامادە بکەن و رادەستی دیوانی چاوەدێری دارایی هەرێم بکەن.
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی کە ( دەنگی ئەمەریکا) ىڵاویکردووەتەوە، داوا لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکات کە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی هێزە سەربازییەکان، لیستی مووچەی مانگی ئایار بەپێی لیستی فەرمی ئامادە بکەن.
 
لە نووسراوەکەدا ناوی هەریەک لە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ ، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، فەرماندەیی بەرگریی و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی نەوت و گاز هاتووە و ئەنجوومەنی وەزیران داوایان لێدەکات کە " ئامادەکردن و ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری ٢٠٢٤ بەپێی لیستی فەرمی کە ناوی سیانی، مووچەی بنەڕەتی، تەواوی دەرماڵە و لێبڕینەکانی پێویست لەخۆ بگرێت بۆ هەژمارکردنی مووچەی هەر کارمەندێک و ناردنیان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، دوای وردبینییان لەلایەن یەکەکانی وردبینی ناوخۆ یان گەنجینەی تایبەتمەند بە هەر دامودەزگایەک، کە پێشووتر بە شێوەی کۆد نێردراوە".
 
هاوکات داوا لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات"هاوئاهەنگی تەواو و ئاسانکاری پێویست بۆ تیمەکانی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ بکرێت، لەکاتی سەردانیان بۆ وردبینی ئەم بابەتە".

ئەمشەو شاندێکی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، شاندەکە لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە لیستی مووچەخۆران دەکەن بە تایبەتی لیستی مووچە هێزە ئەمنییەکان بۆ سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ.



PM:07:32:07/06/2024