تیمی گوێژە بپارێزە داوادەکات دەستدرێژییەکانی سەر سروشتی دەربەندیخان راگرن

تیمی (گۆیژە بپارێزە) لە بەیاننامەیەکدا داواکارە دەستبەجێ کانەکانی دەرهێنانی بەرد لە دڵی دارستانە سروشتییە خۆڕسکەکانی دەربەندیخان رابگیرێت.

لە بەیاننامەکەی تیمی گوێژە بپارێزە هاتووە" تیمی گۆیژە بپارێزە ئەو عەقڵییەتە بەرژەوەندییخوازە سەرمایەدارییە شەرمەزار دەکات کە تاکە ئامانجی پڕکردنی گیرفانی خۆیەتی و لە بەرانبەردا دەستی تەماحکارانەی لە قوڵایی زەوی گیرکردووە و تا ئاستی پایەماڵکردنی دۆڵ و دادڕین و نەهێشتنی شاخەکانی کوردستان هەنگاوی ناوە!".

دەقی بەیاننامەی تیمی گۆیژە بپارێزە: 

بەیاننامەی تیمی گۆیژە بپارێزە دەربارەی کانە بەردەکانی دەربەندیخان!

ئەمرۆ سروشتی هەرێمی کوردستان لە ژێر مەترسییەکی گەورەدایە و لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی ئەم هەرێمە رەگەزەکانی سروشت یان لە ناوچون یان لە ژیر مەترسیی لە ناوچونی یەکجاریدان. لەبەرامبەریشدا دام و دەزگای حکومیی و بەرپرسانی هەرێم نابەرپرسانە مامەلە لە تەک ئەم پرسە هەستیارەدا دەکەن.

تیمی گۆیژە بپارێزە دەنگی ناڕەزایی و تووڕەیی خۆی هەڵدەبڕێت بەرانبەر بەو دەستدرێژیی پێشێلکارییانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە ڕەگەزەکانی سرووشت و دایکە زەوی دەکرێت. چونکە ئەم سروشتە هی هەموومانە و بەلەدەستدانی هەر ڕەگەزێک لەڕەگەزەکانی یان تێکدانی هاوسەنگی نێوان ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی سروشت ژیانی کۆی بوونەوەرەکانی ناو ئەم سروشتە دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمە جگە لەوەی سەرمایەدارانی ئەم هەرێمە زۆر بێ ئاگا و بێ باکانە مامەلە لەگەڵ ئایندەی نەوەکانی داهاتوومان دەکەن و بێ ڕەحمانە کەوتوونەتە وێرانکردنی ژینگە و سروشت و وا خەریکە لە بنەچە ژینگەییەکەی ڕای دەماڵن.

تیمی گۆیژە بپاریزە ئیدانەی هەموو دەستدرێژیانە دەکات کە ئەمرۆ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام ئەدرێت. هەربۆیە تیمی گۆیژە بپارێزە بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشت و بەشدار دەبێت لەو ناڕەزایەتیەی لە دەربەندیخان لە لایەن دانیشتوان، پارێزەرانی ژینگە و رێکخراوی سروشتی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت.

تیمی گۆیژە بپارێزە داواکارە دەستبەجێ کانەکانی دەرهێنانی بەرد لە دڵی دارستانە سروشتییە خۆڕسکەکانی دەربەندیخان رابگیرێت.
تیمی "گۆیژە بپارێزە" ئەو عەقڵییەتە بەرژەوەندییخوازە سەرمایەدارییە شەرمەزار دەکات کە تاکە ئامانجی پڕکردنی گیرفانی خۆیەتی و لە بەرانبەردا دەستی تەماحکارانەی لە قوڵایی زەوی گیرکردووە و تا ئاستی پایەماڵکردنی دۆڵ و دادڕین و نەهێشتنی شاخەکانی کوردستان هەنگاوی ناوە!

بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پێشێلکارییە گەورانە، کۆمپانیا تەماحکارەکان پاساوی جیاواز و ناڕاست دەدەن بە گوێی خەڵکیدا وەک ئەوەی درووستکردنی ئەم یەکە نیشتەجێبوونانە و شاری خەونەکان بۆ سوودی گشتی و چینە کەمدەرامەتەکانی ئەم هەرێم بێت، لە کاتێکدا ئەو یەکەی نشتەجێبوونانە تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن ببن بە خاوەنی کە لە کەمینەیەکی دەوڵەمەندی ئەم هەرێمەن و خاوەنی کۆمپانیاکان و کەمینەیەکی سەرمایەدار، کە تاکە ئامانجیان کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایەیە، هەر ئەوانەشن کە دەستیان بەسەر بازاڕ، زانکۆ، نەخۆشخانە، ئاو و هەوا و سەرچاوەکانی سرووشتی ئەم هەرێمەدا گرتووە.

#گۆیژە_بپارێزە
#شاخەکان_بپارێزە
#دەستدرێژیی_بۆشاخەکان_ڕابگرە




PM:08:48:07/06/2024