"زەوی ئەو پرۆژەیەی رایی گشتی لەسەر دروست بووە نە گۆیژەیە نە ئەزمەڕ"

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" مشتومڕ لەسەر پڕۆژەی وەبەرهێنان لەسەر چیای گۆیژە ململانێیەکی بازرگانی و سیاسییە"، دەشڵێت" ئیدارەی پارێزگاکە هیچ ڕۆڵێکی نییە لە وەرگرتنی ڕەزامەندی پەیوەندیدار بۆ ئەم پڕۆژەیە". 

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ماڵپەڕی (سپی) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند" ئەو مشتومڕانەی لەسەر چیای گۆیژە دروستبووە پەیوەندی بە ئیدارەی سلێمانییەوە نییە". 

ڕوونیشیکردەوە، ئەوەی سەبارەت بەو پڕۆژەیە ڕوویدا ئەوەیە کە ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٠ ڕەزامەندی بەخشیوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی نیشتەجێبوون لەو شوێنە، هەروەها کۆمپانیای جێبەجێکار لە ساڵی ٢٠١١ جێبەجێیکردووە، لەو کاتەشدا لە ئیدارەی پارێزگادا نەبووە و تەنانەت ئەنجوومەنی پارێزگاکان وەک ئەنجوومەنی ئێستای ئەو سەردەمە نەبوو.

وتیشی" ئەو مشتومڕەی لە دەوروبەری پڕۆژەکەدا هەیە دەتوانرێت لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە چارەسەربکرێت، چونکە ئیدارەی پارێزگاکە دەسەڵاتی دادوەری نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە".

ڕاشیگەیاند" ئەو ململانێ و مشتومڕەی ئێستا لەسەر پڕۆژەکە ڕوودەدات، ململانێی نێوان بازرگانان و کەسایەتییە سیاسییەکانە". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار باسی ئەو پرسەیان کردووە و جەختی لەسەر مەرجەکانی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە کردەوە. 

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئیدارەی قایمقامیەت دڵنیابێت لەوەی کە پڕۆژە گشتیەکان خزمەت بە هەموو هاوڵاتییان لە هەموو چین و توێژەکان بکەن، هەروەها سوودی ڕاستەوخۆیان بۆ گروپە ئامانجدار و کەمدەرامەتەکان هەبێت. 

ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون لە ئێستادا لە بناری شاخی گۆیژە لە سلێمانی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن، مشتومڕێکی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە کە یەکێکیان بە سوود و یاسایی دەزانێت، ئەوی دیکەشیان بە "دەستدرێژی بۆسەر سروشت" ناوی دەبەن و داوای راگرتنی شێواندن و وێرانکردنی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ دەکەن.

ڤیدیۆی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لەم لینکەوە ببینە


PM:03:09:08/06/2024